لەوانەیە مێسی و کریستیانۆ نەگەنە مۆندیالی 2018
بۆ ئەوەی مێسی و کریستیانۆ بگەنە مۆندیال پێویستە ئەمشەو ئارجێنتینا و پۆرتوگاڵ ببەنەوە
K24- هەولێر
لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ مەترسییان لەسەر بگەنە مۆندیال و لەوانەیە مۆندیالی 2018 بەبێ ئەم دوو ئەستێرەیە بەڕێوە بچێت کە لەوەتەی ساڵی 2008 ساڵانە بە یەکەم و دووەم باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشانکراون.
کۆمپانیا گەورەکان و فیفا ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە، پۆرتوگاڵ و ئارجێنتینا نەتوانن بگەنە مۆندیال و کریستیانۆ و مێسی نەگەنە مۆندیالی رووسیا، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر مۆندیال دەبێت و کەمتر دەتوانن سەرنجی هاندەران بۆ مۆندیال رابکێشن و پاڵەوانێتییەکە سارد وسڕ بێت.
ئارجێنتینا چۆن راستەوخۆ دەگاتە مۆندیالی 2018؟
- ئارجێنتینا بەرەبەیانی چوارشەممە کاتژمێر 02:30 لە دوایین یاریی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور دەبێتە میونای ئیکوادۆر و ئارجێنتینا بۆ ئەوەی بگاتە مۆندیال، دەبێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بە کۆکردنەوەی 25 خاڵ لە پلەی شەشەم دێت، لەوکاتەی لە کیشوەری ئەمریکای لاتین 4 هەڵبژاردە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال و پلەی پێنجەمیش لەگەڵ هەڵبژاردەیەکی کیشوەری ئۆقیانووسیا یاریی پاشکۆ دەکات.
- لە هەمان کاتی یارییەکەی ئارجێنتینا، یاریی نێوان پیڕۆ کۆلۆمبیا لەلایەک و یاریی برازیل و چیلی بەڕێوە دەچێت، کە هەردوو یاریی کاریگەرییان لەسەر حیساباتی گەیشتنی ئارجێنتینا بە مۆندیالی رووسیا دەبێت.
- حاڵەتی یەکەم:
- لە ئیکوادۆر بباتەوە
- کۆلۆمبیا و پیڕۆ بەرامبەربن
حاڵەتی دووەم:
لە ئیکوادۆر بباتەوە
بڕازیل لە چیلی بباتەوە یان بەرامبەربن
حاڵەتی سێیەم: - بە جیاوازیی دوو گۆڵ لە ئیکوادۆر بباتەوە
- پیڕۆ بە جیاوازیی گۆڵێک لە کۆلۆمبیا بباتەوە

پۆرتوگاڵ چۆن دەگاتە مۆندیالی 2018?
لە کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018 ئەمشەو پۆرتوگاڵ کاتژمێر 21:45 بە کاتی هەولێر یارییەکی چارەنووسساز لەسەر خاکی خۆی لە بەرامبەر سویسڕا ئەنجام دەدات، کە پۆرتوگاڵ بە 24 خاڵ لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی دێت و سویسڕاش بە 27 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە.
پۆروتوگاڵ پێویستە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی وەکو پێشەنگی کۆمەڵەکەی راستەوخۆ بلیتێکی مۆندیال بەدەست بهێنێت کە ئەوکات ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ سویسڕا یەکسان دەبێتەوە و بە جیاوازیی گۆڵ پلەی یەکەم وەردەگرێت.
ئەگەر پۆرتوگاڵ ئەمشەو یەکسان بێت یان بدۆڕێت، ئەوا وەکو باشترین دووەم دەچێتە قۆناخی پاشکۆ و دواتر لە کۆی نۆ کۆمەڵە یوێفا باشترین هەشت دووەمی کۆمەڵەکان دەستنیشان دەکات و تیروپشکیان بۆ دەکات بۆ ئەوەی 4 هەڵبژاردەی دیکە لەگەڵ هەر 9 هەڵبژاردەکەی کۆمەڵەکان لە رووسیا نوێنەرایەتی ئەوروپا بکەن.
