ئەگەری دواخستنی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان ھەیە

زیاتر لە 100 پرسیار ئارستەی كۆمسیۆن دەكرێت

K24 - ھەولێر

کۆمسیۆن تاوتوێی ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات و ئەگەر هەردوو هەڵبژاردنیش پێکەوە بکرێت، بۆ ماوەی مانگێك هەڵبژاردنی پەرلەمان دوادەکەوێت. لە مڕۆوە بنکەكانی تۆماری دەنگدەران دەکرێتەوە پەرلەمانتارانیش زیاتر لە سەد پرسیار ئاراستەی کۆمسیۆن دەكەن

ئەندامانی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، چوونە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران، لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن، لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان زیاتر لە 100 پرسیار ئاراستەی كۆمسیۆن کرا.

سەرۆکی کۆمسیۆن دەڵێت "تاوتوێی ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمان دەکەین وەڵامی پەرلەمان دەدەینەوە".

ھەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەگەر داوامان لێبكرێت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش لەگەڵ پەرلەمان بكرێت، ئەوە كاتی زیاتری دەوێت، دەتوانین وەك كۆمسیۆن تاوتوێی  بكەین و دواتر وەڵامی پەرلەمان بدەینەوە".

پەرلەمانتاران زیاتر لە سەد پرسیاریان ئاراستەی کۆمیسیاران کرد و وەڵامەکەی کۆمیسیارانیش بە دڵی پەرلەمانتاران نەبوو.

سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، دانیشتنەکە سەرکەوتوو نەبوو رەخنەش لە لاوازی ئەدای پەرلەمانتان دەگرێت.

ئاری عەبدولەتیف، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت: "لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان كێشەم بینی، ھەستم دەكرد كۆمسیۆن و ئەنجوومەنی وەزیران گەورەترن لە پەرلەمان، چونكە ئەوان رێكاری یاساییان بۆ پەرلەمان دادەنا. ئەوەش جۆرێكە لە لاوازی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە پەرلەمان بڕیار لەبارەی وادەی ھەڵبژاردن بدات".

زۆرترین پرسیارەکانی پەرلەمانتاران لە كۆمسیۆن، لە بارەی تۆماری دەنگدەران بوو بەپێی تۆمارە تازەکەی کۆمسیۆن ناوی 260 ھەزار کەس لە تۆماری دەنگدەران سڕاوەتەوە و تۆمارێکی نوێ دروستکراوە. بە پێی تۆمارە نوێکە 3 ملیۆن و 120 ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە

ریزان مەحە رەشی، بەرێوەبەری کارگێڕی کۆمسیۆن ئەوەی خستەڕوو: "داتای ئێمە لەگەڵ بەغدا جیاوازە و ئەو 260 ھەزار كەسی كە ھەبووە لە داتاكەی ئێمەدا نەماوە، جارێكی دیكە ئەو ناوانە نایێنەوە ناو داتاكان".

ھ.م