خۆپیشانده‌ران ناوی خومه‌ینی له‌سه‌ر شه‌قامێكی نه‌جه‌ف ده‌سڕنه‌وه
ناویان ناوه شه‌قامی "شه‌هیدانی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر"
K24 - هه‌ولێر:
شه‌وی رابردوو، خۆپیشانده‌ران له نه‌جه‌ف، ناوی شه‌قامی "خومه‌ینی"یان گۆڕی و كردوویانه‌ته "شه‌هیدانی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر".
به گوێره‌ی وێنه‌یه‌كیش كه چالاكوانان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه، دوو خۆپیشانده‌ر ناوی پێشووی شه‌قامه‌كه، كه به‌ناوی "خومه‌ینی" بووه، به بۆیه ره‌شده‌كه‌نه‌وه و له ته‌نیشتییه‌وه تابلۆیه‌كیان هه‌ڵواسیوه و لێی نووسراوه: "به فه‌رمانی گه‌ل.. ئێره شه‌قامی شه‌هیدانی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ره".
ئه‌و شه‌قامه‌ی نه‌جه‌ف، ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه و پێشتریش هاووڵاتیان ناڕه‌زایی خۆیان له ناونانی شه‌قامه‌كه به‌ناوی "خومه‌ينی" نیشاندابوو، كه مه‌به‌ست لێی سه‌ركرده‌ی باڵای كۆچكردووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، روحوڵڵا خومه‌ینییه.
ناڕه‌زایی چالاكوانان له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بڵاوكرایه‌وه و رایانگه‌یاند، كه شه‌قامی فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف عێراقییه نه‌ك ئێرانی، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌شدا به عه‌ره‌بی به‌هاشتاگی "شارع_مطار_النجف_عراقي_وليس_إيراني"، ناڕه‌زایه‌تیان ده‌رده‌بڕی.
ئ. م