عێراقچی و فوئاد حوسێن پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و هێرشە مووشەکییەکانی تارانیان بۆ سەر ئیسرائیل تاوتوێ کرد.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامدا.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، عێراقچی وردەکاریی و هۆکارەکانی هێرشە مووشەکییەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل بۆ هاوتا عێراقییەکەی روونکردەوە. 

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ "پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست" (کە لە 8ـی نیسان رێککەوتنی لەسەر کرابوو) و هەروەها وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم ئاڵۆزییانە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا ئاڵوگۆڕ کرد.