یەكێتی دوا بڕیار لەبارەی كۆنگرە دەدات

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، بڕیارە سبەی پێنجشەممە ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە كۆببێتەوە دوا بڕیار لەبارەی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بدرێت.

مستەفا چاوڕش، ئەندامى  سەرکردایەتى  یەکێتى بە کوردستان24ی رایگەیاند: "ئاگادار کراینەتەوە کە سبەی رۆژى پێنجشەممە کۆبوونەوەى  ئەنجوومەنی سەرکردایەتى  لەسەر  پرسى  کۆنگرە بەڕێوەدەچێت".

گوتیشی: "بڕیاردان لەبارەی بەستنی كۆنگرە ئەگەڕێتەوە  بۆ دەسەڵاتى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى، ئەنجوومەن دەتوانێت بڕیارى کۆتایى لەو بارەیەوە  بدات".

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر یەكێتی بڕیاریدابوو كە 7/12/2019 چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێ، بەڵام چەند رۆژێكە دەنگۆی دواخستنی كۆنگرە لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتی بڵاوبووەتەوە و بەشێك لە ئەندام و كادیرانی ئەو حزبە نیگەرانن لەوەی كە حزبەكەیان بڕیاری دواخستنی كۆنگرە بدات.