له ئه‌گه‌ری په‌راوێزخستنی كورد له به‌غدا هۆشداری ده‌درێت
رووسیا به وردی چاودێری ئه‌نجامه‌كان دەكات
K24 - مۆسكۆ
پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی فێدراڵ، زۆرێك له لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووه، رووسیاش به‌وردی چاودێری ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌كات، په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته پسپۆڕ و شاره‌زایان له مۆسكۆ، هۆشداری ده‌ده‌ن له ئه‌گه‌ری پشتگوێخستنی هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌ندرێی به‌كلانۆڤ، راوێژكاری جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی فێدراڵی رووسیا بە كورستان24ی راگەیاند: "لەسەر ناكۆكی پێكهێنانی ده‌سه‌ڵات له هه‌موو وڵاتێكدا دیارده‌یه‌كی ئاساییه، به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی كه به جه‌نگی ناوه‌خۆدا تێپه‌ڕیون و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی تێیاندا به‌رچاوه، ساڵانێك له عێراق رێكخراوه تیرۆرستییه‌كان چالاكانه كرده‌وه‌ی تاوانكارییان ئه‌نجامداوه، ئه‌م هۆكارانه دۆخه‌كه هێنده‌ی دیكە دژوار ده‌كه‌نه‌وه. به‌بڕوای من بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت نابێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ نوێنه‌ری هێز و رێكخراوه‌كان، چونكه ئه‌م رێگایه ئاڵۆزی زیاتر به‌رپا ده‌كات".
سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی عێراق، له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ حكومه‌ت له عێراق به‌رده‌وامه، شاره‌زایه‌كی كاروباری عێراق له مۆسكۆ هۆشداری ده‌دات له ئه‌گه‌ری په‌راوێزخستنی لایه‌نه كوردستانییه‌كان.
ڤه‌دیم مه‌كه‌رێنكه، سه‌رۆ كی به‌شی هه‌رێمناسی له زانكۆی زمانه‌وانی حكومی مۆسكۆ دەڵێ: "عێراق وڵاتێكی فیدڕاڵییه، بۆیه ده‌بێت سازش بكرێت له‌نێوان لایه‌نه‌كان، بێگومان كورد ده‌بێت شوێنی كارا بگرن له پرۆسه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌دا، ده‌بێت له پێگه به‌رزه‌كانی ده‌سه‌ڵات شوێنیان هه‌بێت، هاوكات پێویسته زمانی هاوبه‌ش له‌ته‌ك سوننه‌كانی وڵاته‌كه بدۆزرێته‌وه و به‌شداری چالاكانه‌ی ژیانی سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌بن، تا ئه‌وه‌ی هه‌ستنه‌كه‌ن پاراوێزخراون، تا ئه‌وه‌ی وزه و چالاكی ئه‌وان سه‌ر بۆ كێشه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌یدانی نه‌كێشێت، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر لایه‌نه كوردییه‌كان به‌شداری كارای ده‌سه‌ڵات نه‌بن و گوێ بۆ داواكارییه‌كانیان نه‌گیرێت، به‌شداری نه‌كردنی كورد هانده‌ره بۆ خۆجیاكردنه‌وه‌ی ئه‌وان و نوێكردنه‌وه‌ی هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی، دۆخی ئێستای ناوچه‌كه ئه‌شێت سه‌ربكێشێ بۆ پێكدادانی سه‌ربازیش، عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده و ده‌ستورێكی بێ وێنه‌ی هه‌یه و كارده‌كات، پێویسته ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنیه‌وه بكرێت".
ھ.م