ڕۆژنامەی لۆمۆند: ئەمەریکا بووەتە هەڕەشە لەسەر دیموکراسییەتی ئەورووپا
ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی لە سەر وتاری ئەمڕۆیدا نووسیوویەتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ، هەڕەشەیە لەسەر دیموکراسییەتی ئەورووپا.
سەر وتاری ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێرشەی جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کردوویەتییە سەر دیموکراسیەتی ئەورووپا، ئەمەریکای خستە پێگەیەکی نوێ لای ئەورووپییەکان نەوەک تەنها لەسەر ئاستی ئابووری و جیۆستراتیژی، بەڵکو لەسەر ئاستی سیاسی و ئایدۆلۆژیش، ڕۆژنامەکە نووسیوویەتی: تێڕوانینی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئازادی ڕادەبڕینی سنوور دیارینەکراو، مانایەک هەڵناگرێت جگەلەوەی هۆکارێکە بۆ بەبازاڕکردنی ئایدۆلۆژیای ڕاستڕەوە توندڕەوەکان کە هەوڵدەدات گۆڕانکاری بکات لە سەروەری یاسا بە زەبری هێز، هاوکات هەوڵدەدات ئەو سیاسەتانە ڕەت بکاتەوە کە مافە کۆمەڵایەتییەکان دەپارێزێت لەگەڵ مافی مافرەتان و توێژەکانی دیکەش کە بەدەست جیاکارییەوە دەناڵێنن.
سەر وتاری ئەمڕۆی ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی دەڵێت: لەسەر خەڵکی ئەورووپایە زوو بڕیار بدەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ، چیدیکە هۆکارێک نییە بۆ پاراستنی کیشوەری ئەورووپا، بەڵکو دەبێتە هەڕەشەیەک لەسەر دیموکراسیەتی ئەورووپا.