وەزارەتی نەوتی فیدراڵ: لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان وەردەگرین

باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕایگەیاند: لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان وەردەگرین دوای ئەوەی هەناردەکردنەوە لە بەندەری جەیهانی تورکیا دەستپێدەکاتەوە، دواتر قۆناغ دوای قۆناغ  ڕێژەکە بەرزدەکرێتەوە بۆ 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕایگەیاند: بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا، کێشە بۆ کێلگەکانی نەوت دروستبوو، بۆیە ماوەیەکی پێویستە تاکوو جارێکی دیکە وای لێ بکەینەوە بگاتە ئاستی جارانی خۆی و وەبەرهێنانی بگاتە 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، ئەوەش ئەو ڕێژەیەیە لە بودجەدا ئاماژەی بۆ کراوە.

باسم محەممەد ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ڕێژە نەوتەی ئێستا دەتوانرێت بەرهەمبهێندرێت لە هەرێمی کوردستان، 300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، بەشەکەی دیکەی بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت، 185 هەزار بەرمیلیش دەمێنێتەوە بۆ هەناردەکردن.

بریکاری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئاماژەی بە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنەکان کرد بۆ دروستکردنی لێژنەیەکی هاوبەش بۆ چاودێری کردنی میکانیزمی هەناردەکردنی نەوت، ، ڕوونیشیکردەوە، هەرێمی کوردستان پێیانی ڕاگەیاندووە، ئامادەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت.

ئەو بریکارە زیاتر گوتی: تیمی تەکنیکی کۆمپانیای نەوتی باکوور و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کار بۆ پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن کە بەرەو بەندەری جیهانی تورکیا دەچێت، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی شیاوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوە و ئەو فشارەی لەسەر بۆرییەکە دروستدەبێت بەهۆی یەکەم دەستپێکردنەوە.

باسم محەممەد دەڵێت: وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەگەڵ لایەنی تورکی گفتوگۆی کردووە لەبارەی ئامادەیی بۆرییەکان بۆ هەناردەکردنەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا چاوەڕیی وەڵامی لایەنی تورکی دەکەین.

دووپاتی ئەوەشی کردەوە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕژدە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، ئەوەش بەشێکە لە تێڕوانینی ستراتیژی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، لەو پێناوەشدا بەردەوام لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا پەیوەندیمان دەبێت بۆ گرەنتی بەردەوامی هەماهەنگی و هەناردەکردن.