لە رێگەی 39 خاڵەوە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێت
هێزەكانی 70 و 80 یەك دەخرێنەوە
K24- هەولێر:
وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی لە رێگەی 39 خاڵەوە چاکسازی لە وەزارەتەكەى و یەکەی حەفتا و ھەشتا دەکات، گرنگترینیشیان بريتين له یەکخستنی یەکەی ژمێریاری، خانەنشینی، پێداچوونەوە به پلەى سەربازی، ژمارەی پاسەوانەکان و هەیکەلیەتی لیواکان.
لەم بارەشەوە فەریق جەمال ئیمینکی، سوپا سالاری پێشمەرگە دەڵێت: چاکسازیەکانی ئەو وەزارەتە زۆر وردن و کاتی زۆریشی دەوێت، لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە ھەنگاوەكانی چاکسازی دەستپێکردوە و ٣٩ خاڵیان بۆ چاکسازی دیاری کردووە، بەشێك لەو خاڵانە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانە گۆڕینی ھەیکەلیەتی لیواکان و وەزارەت و بە ئەلیکترۆنیکردنی بەشێك لە دامەزراوەکانی ئەو وەزارەتە.
هاوكات رێڤینگ هروری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە: هاوپەیمانان سەرپەرشتی چاکسازیەکان دەکەن و داوای پشتگیری سیاسیش بۆ چاکسازیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.
دووپاتیش دەكاتەوە، چاکسازیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ھەردوو یەکەی ٧٠و ش٨٠ دەگرێتەوە، ئەمەش بە یەکێك لە ھەنگاوە گەورەکانی چاکسازی دادەنرێت، بەڵام پێویستی بە رێکەوتنی سیاسیە.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر چەند خاڵێکی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ئەو وەزارەتە كۆبووەوە، لەو بارەیەوە بڕیار درا بەپێی پلانێکی زەمەنی ھەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە چاکسازییەوە لە بوارەکانی یەکخستن و رێکخستنی یەکە ژمێریاریەکان، رێکخستنی ھەیکەلیەت، میلاکی وەزارەت، پلەی سەربازی، بابەتەکانی خانەنشینی، دۆسیەی شەھیدان و کەم ئەندامان بەپێی یاسای چاکسازی، پرۆژەی ھاوبەشی ھاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە جیبەجێ بکرێن.
H.B