شیعەکان دەیانەوێت بۆ چەند مەبەستێک دەرگای پەرلەمانی عێراق بکەنەوە

کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق

هێزە شیعەكانی عێراق دووبارە گفتوگۆ لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەكەن و دەیانەوێت دەست بە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی چەند یاسایەك، بکەنەوە. 

چەند هەفتەیەکە، دەرگای پەرلەمانی عێراق داخراوە و هێزە سیاسییەكانیش دەیانەوێت داخوازییەكانیان لەم خولەدا جێبەجێ بكەن.

میدیاکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، بڕیارە دوای تەواوبوونی پشووەكانی جەژنی قوربان، پەرلەمانتارانی شیعە دووبارە بچنەوە نێو هۆڵی پەرلەمان، بۆ هەمواركردنەوەی چەند یاسایەك.

یاسای هەڵبژاردن، یەكێكە لەو یاسایانەی هێزە شیعەكان دەیانەوێت چەند بڕگەیەكی هەموار بكەنەوە، بەڵام كۆمسیۆن بەو یاساییەی ئێستا بەركارە، لە ئامادەكارییەكانی بەردەوامە و هێزە سیاسییەكانیش لەسەر ئەو بنەمایە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، لە جووڵەدان.

لە دوایین كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەمەهەنگیی شیعەكان، سەركردەكان لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون، یاساكە هەموار بكەنەوە كە 80% دەنگی سەرۆك لیستەكان و 20% كاندیدەكان دابەش بكرێت. ئەمەش لەپێناو گەڕاندنەوەی باڵانس و ڕێگریی لە پەرتبوونی دەنگەكان.

مەنسوور مەرعید، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: ئەستەمە لەم كاتەدا یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، چونكە لایەك پشتیوانیی دەكات و لایەنی بەرانبەر دژایەتیی دەكات.

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، تا ئیستا ئاگاداری پرسەكە نییە و یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی بە كوردستان 24ی گوت: گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسەوە نەكراوە، بەڵام ئەگەر شیعە بیەوێت بەزۆرینە دەتوانێت تێی بپەڕێنت.

نەجات تائی، پەرلەمانتاری سوننە دەڵێت: هێزە شیعەكان ڕێككەوتوون كە رێژەیی یاسایی تەواو بكەن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دەستەی حەشدی شەعبی، نەوت و غاز بكەنەوە.  

 
 
 
Fly Erbil Advertisment