چەکدارانی بۆکۆحەرام دەیان کەسیان لە گوندێکی نایجیریا کوشت

ژمارەیەک چەکداری گرووپی بۆکۆحەرام (ئەرشیف)
ژمارەیەک چەکداری گرووپی بۆکۆحەرام (ئەرشیف)

چەکدارانی بۆکۆحەرام لە هێرشێکدا بۆ سەر گوندێکی ویلایەتی بۆرنۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا، زیاتر لە 60 کەسیان کوشت، کە حەوت سەربازیان تێدایە. خەڵکی ئەم گوندە مانگی ڕابردوو دوای ساڵانێک ئاوارەیی، گەڕابوونەوە زێدی خۆیان.

شەممە، 6ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، بڵاوی کردەوە "شەوی ڕابردوو، چەکدارانی بۆکۆحەرام هێرشیان کردە سەر گوندی 'دارولجەمال' لە ویلایەتی بۆرنو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لە دانیشتووانەکەی کرد و ماڵەکانیان سووتاندووە. لە هێرشەکەدا زیاتر لە 60 کەس کوژراون."

سوپای نایجیریا، لەم مانگانەی دواییدا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی یاخیبووانی بۆکۆحەرام گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی لە ڕۆژئاوای ئەفەریقا، چڕ کردووەتەوە. بەڵام شیکاران و دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، هەڵمەتەکانی سوپا نەیانتوانیوە ڕێگری لە هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە بکەن. 

باباگانا مالا، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە، کە لەگەڵ سەربازەکاندا بۆ شارۆچکەی باما هەڵاتبوو کە نزیکەی 46 کیلۆمەتر لە گوندەکەوە دوورە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "دارولجەمال" مانگی ڕابردوو دوای ساڵانێک ئاوارەیی، دووبارە ئاوەدان کرابووەوە".

مالا هەروا گوتی: ئێمە سێ ڕۆژ بوو سەبارەت بە کۆبوونەوەی چەکدارانی بۆکۆحەرام لە نزیک شارۆچکەکەمان هۆشداریمان دابووە سوپا، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێک بۆ بەرگریی لە گوندەکە نەگیرایە بەر. چەکدارانی بۆکۆحەرام زۆر لە سەربازەکان زیاتر بوون؛ بۆیە سەربازەکان نەیانتوانی بەرگریی بکەن و لەگەڵ ئێمەدا بەرەو باما هەڵاتن.

مالا، ئاماژەی بەوەش دا "ئەوەندەی من بزانم، 63 کەس کوژراون، لەنێویاندا حەوت سەرباز و چەندین کەسی دیکە کە لە کەمپی ئاوارەکانی باما گەڕابوونەوە."

دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: تا بەیانی ڕۆژی شەممە تەرمی 70 کەس دۆزراونەتەوە و هێشتا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی گوندەکە بزرن. ئەو بە گریانەوە گوتی: چەکدارەکان ماڵ بە ماڵ دەگەڕان، پیاوەکانیان دەکوشت و ماڵەکانیان دەسووتاند.

شایەتحاڵان دەڵێن، زیاتر لە 20 ماڵ و 10 پاس سووتێنراون. لەنێو کوژراوەکاندا حەوت شۆفێر و شەش کرێکاری خەڵکی باما و شاری مایدوگورین هەن، کە بۆ کاری ئاوەدانکردنەوە هاتبوونە گوندەکە.

ناهوم کینێس داسۆ، گوتەبێژی پۆلیسی خۆجێی ئامادە نەبوو لەسەر هێرشەکە لێدوان بدات. هەروەها ڕۆیتەرز نەیتوانی پەیوەندی بە عەمید سانی ئوبا، گوتەبێژی 'هەڵمەتی دژە یاخیبووان'ی سوپای نایجیریا بکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment