سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی غەززە دەکات بچنە ناوچەی ئارام

سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی غەززە دەکات بەرەو "ناوچەیەکی ئارام" لە باشوور بڕۆن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراو بۆ سەر ناوەندی کەرتی غەززە.

شەممە 6ـی ئەیلوولی 2025، ئەڤیجای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە هاووڵاتییانی غەززە دەکات بچنە ناوچەی ئارام و نووسیویەتی: ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات بڕۆنە ناوچەی ئارام (مەواسی) و بچنە پاڵ هەزاران کەسی دیکە کە پێشتر چوونەتە ئەوێ."

هەروەها ئەدرەعی کاتی دەستپێکردنی هێرشە نوێیەکەی بۆ کەرتی غەززە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی دابوو پێشوەختە هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە.

هاوکات سوپای ئیسرائیل لەو بارەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ناوچەی ئارام لە باشووری غەززە هەموو پێداویستییە گرنگەکانی وەکوو نەخۆشخانەی مەیدانی، ئاو، بەردەوام دابینکردنی خۆراک، خێمە، دەرمان و پێداویستی پزیشکی لەخۆدەگرێت."

باسی لەوەش کردووە، هەوڵە مرۆییەکان لە ناوچەکە بە هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبێت، هاوتەریب لەگەڵ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکە.

ئیسرائیل لە ژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە؛ بەگوێرەی مەزەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێی کردنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کارەسات دەنێتەوە، چونکە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە نێو غەززە و دەوروبەریدا دەژین.

ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەوە، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ی مەواسی وەک ناوچەیەکی ئارام ناساندبوو، بەڵام تاوەکوو ئێستا سوپا چەندین جار بۆردومانی کردووە و بە تۆمەتی ئەوەی چەکدارانی حەماسی لەنێو خەڵکی سڤیلدا خۆیان حەشارداوە.

لە هەفتەکانی ڕابردوودا دەیان فەڵەستینی قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کرد، کە لە شاری غەززە، "هیچ شوێنێکی ئارام" نییە و زۆرێکیان مردنیان پێ باشترە لەوەی جارێکی دیکە ئاوارە ببنەوە.

دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، میدیاکان لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بڵاویان کردبووە، شاندی دانوستانکاری ئەو بزووتنەوەیە، ڕازیبوونی خۆی بە پرۆژە پێشنیازی ئاگربەستی شەست ڕۆژەی غەززە بە نێوەندگیرەکان گەیاندووە.

پێشنیازە نوێیەک وەساتاندنی کاتی چالاکییە سەربازییەکان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی شەست ڕۆژ لە خۆ دەگرێت، هاوکات نەخشەڕێگەیەک دەبێت بۆ ئاگربەستێکی گشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ.

ئەو پێشنیازە نوێیەی حەماس پێی ڕازی بووە، پشت بە بیرۆکەیەکی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە پێشنیازی ئاگربەستێکی شەست ڕۆژی و ئازادکردنی بارمتەکانی بە دوو کاروان کردووە.

بەڵام ئیسرائیل داوای کردووە کە حەماس هەموو بارمتەکان بە یەکجار ئازاد بکات، چەک دابنێت و دەستبەرداری کۆنترۆڵی غەززە بێت، لەگەڵ چەند مەرجێکی دیکەدا.

ڕۆژی هەینی 8ی ئابی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment