جەدعون ساعر: ڕێگە نادەین جیهادییەکان لە تەنیشت ئێمەوە دەوڵەتیان هەبێت

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنە لە فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەستی غەززە و دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینی دەگرێت و ڕایگەیاند، ئەم فشارانە حەماس بەهێزتر دەکات، هاوکات دووپاتیشی کردەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن جیهادییەکان دەوڵەتیان هەبێت.

سێشەممە 29ی تەممووزی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستین گوتی: دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین ڕوو نادات، ئێمە ڕێگە نادەین جیهادییەکان دەوڵەتیان هەبێت، ڕێگە نادەین حەماس لەنزیک خەڵکی ئێمەوە وڵاتی هەبێت، ئێمە ئاسایش و ئارامی خۆمان ناکەینە قوربانی لەپێناو داوای چەند وڵاتێکی دیکە.

باسی لەوەش کردووە، ئەو گوشارەی لەسەر ئیسرائیل دروستکراوە لە سوودی حەماسە و پێگەی ئەوانی بەهێزتە دەکات. لە کاتێکدا حەماس بەرپرسە لە بەردەوامی شەڕ، بەرپرسیارە لە برسێتی غەززە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، فشاری نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەستی غەززە و دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینی بە ناوی "هەڵمەتێکی شێواو" ڕەت کردەوە. ئاماژەشی دا، وەستاندنی شەڕ لە کەرتی غەززە لە کاتێکدا حەماس لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە دەبێتە کارەسات بۆ ئیسرائیل و فەلەستین. گوتیشی: گرنگ نییە چەندە فشار بخرێتە سەر ئیسرائیل، بەڵام هەرگیز ئەمە ڕوو نادات.

ساعر ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو وڵاتانەی ناتوانن کۆنترۆڵی شەقامەکانی خۆیان بکەن بۆیان نییە باسی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ فەڵەستین بکەن و چارەنووسی ئاسایشی ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە.

دوێنێ دووشەممە 28ی تەمووزی 2025، کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی فەرەنسا و سعوودییە لە نیویۆرک دەست پێکرد، هاوکات ئەمەریکا بایکۆتی کۆنفرانسەکەی کرد و بە بانگەشەی سیاسیی و خزمەتکردن بە تیرۆر ناو برد، لە بەرانبەر دا فەرەنسا هەڵوێستێکی پێچەوانەی هەیە و ڕژدە لەسەر ئەوە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت

بڕیار بوو کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ فەلەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی سعوودییە و فەرەنسا لە 17 و 20ی حوزەیران بە ڕێوە بچێت، بەڵام ڕێکخراوەکە کۆنفرانسەکەی بۆ 28ی تەممووز دوا خست. ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە دان پێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینییە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.