ئورسولا ڤۆندێرلاین: دەبێت ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی بکات
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی غەززە پیشاندا و جەختیشی لە ئازادکردنی بارمتە و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی غەززە کردەوە.
هەینی 8ـی ئابی 2025، ئورسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: حکوومەتی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە دەبێت پێداچوونەوەی لە بڕیارەکەی بکات.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا جەختیشی کردووەتەوە، دەبێت هەموو دیلە و بارمتەکان ئازاد بکرێن، کە بە شێوەیەکی نا مرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئورسولا ڤۆندێرلاین دووپاتشیشی کردووەتەوە، دەبێت دەستبەجێ هەموو ئەو هاوکارییە مرۆییەکان کە پێویست بێت بگەیەندرێتە غەززە و بەسەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت. ئاماژەشی داوە، ئاگربەستی غەززە دەبێت دەستبەجێ ڕابگەیەندرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.
پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی (فۆکس نیوز)ی ئەمەریکی پێداگری خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە دووپات کردەوە، گوتوویەتی، دوای دەستبەسەرداگرتنی، بەڕێوەبردنی کەرتەکە بە هێزە عەرەبییەکان دەسپێرن.
بنیامین ناتانیاهۆ جەختیشی کردووەتەوە، نیازیان وایە کۆنترۆڵی زنجیرەی بیابانی بکەن کە درێژییەکەی 42 کیلۆمەتر دەبێت، دەشڵێت، مەبەستیانە پشتێنەیەکی ئەمنی بە درێژایی ئەو 42 کیلۆمەترە دروست بکەن، بەڵام نایانەوێت بەڕێوەی ببەن.