پڕۆژەیەکی دیکەی ناوازە لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت

لە درێژەی بەردەوامیدان بە پڕۆژە گەشتیارییەکان، جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەترین نافوورە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، لە زاخۆ دەستیپێکردووە. 

گوژمی پڕۆژەکە 13 ملیار دینارە، لە ناوەندی بازاڕی زاخۆ و لەبەر ڕووباری خابوور لەسەر چوار دۆنم زەوی دروست دەکرێت. زێدەباری ئەمەش، لە ژێر زەوییەکەیدا پارکێکی وەستانی ئۆتۆمبێل دروست دەکرێت.

زەهرا سەلیم، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت: "ئەم نافوورە، دەبێتە گەورەترین لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرزبوونەوەی ئاوەکەی دەگاتە 40 مەتر. هەروەها ئەو شاشانەی تێیدا بەکاردەهێنرێن زۆر نوێ و مۆدێرنن."

ماوەی پڕۆژەکە ساڵێکە و ژێرخانی ئابووری و کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر بەرەو پێش دەچێت.

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ ئاماژە بەوە دەدات: "نافوورەی زاخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هاتنی زیاتری گەشتیاران دەبێت، بە حوکمی ئەوەی یەکەم نافورەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەو کوالێتییە دروست بکرێت."

پڕۆژەی نافوورەی زاخۆ، درێژەپێدەری کاری هەردوو قۆناغی کۆرنیش و بازاڕی کۆن و قەڵای زاخۆی شوێنەوارییە.

ئەم نافوورەیە، پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ زاخۆ و دەبێتە گەورەترین نافورە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە نزیکەی 40 مەتر ئاو بە شێوازی لێزەر لەگەڵ میۆزیک و ڕووناکی بەرز دەبێتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment