ترەمپ: لەنێوبردنی حەماس تاکە ڕێگەیە بۆ سەرکەوتن

سەرۆکی ئەمەریکا لە دواین پەیامیدا بە توندی هەڕەشە لە حەماس دەکات و دەڵێت، تاکە ڕێگە بۆ سەرکەوتن لەو جەنگە لەنێوبردنی ئەو بزووتنەوەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ حەماس پێشنیازی نێوەندگیران بۆ ئاگربەستی غەززە بەدەست گەیشتووە.

دووشەممە 18ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: تەنیا بە لە ناوبردنی حەماس ئەو دیلانەی ماون، ئازاد دەکرێن، ئەو کارەش بەم نزیکانە جێبەجێ دەکرێت، دووپاتیشی کردووەتەوە، ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ سەرکەوتن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەش بیر دەخاتەوە، کە ئەو تاکە کەس بووە کە دانوستانی لەباری ئازادکردن و گەڕانەوەی دیلە ئیسرائیل و ئەمەریکییەکانی کردووە، دووپاتیشی دەکاتەوە، لە شەش مانگی ڕابردوو و شەش جەنگی ڕاگرتووە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لەنێو بردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی نامەکەیدا، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشاوە و نووسیویەتی: "ئەگەر یاری دەکەیت، ئەوا بۆ بردنەوە بیکە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی فەڵەستینی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو پێشنیازەی لەلایەن نێوەندگیرانەوە پێمان گەیشتووە، چوارچێوەی ڕێککەوتنێکە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی، هاوکات داوای ئاگربەستێکی سەرەتایی 60 ڕۆژە و ئازادکردنی بارمتەکان لە دوو قۆناغدا دەکات.

ئەو بەرپرسە ئاماژەشی داوە، سەرکردەکانی حەماس لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی فەڵەستینی لە نێوخۆدا لەبارەی پێشنیازەکە ڕاوێژی دەکەن.

لە کۆی 251 بارمتە کە لە کاتی هێرشەکەی حەماس لە تشرینی یەکەمی 2023، 49 کەسیان هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن، بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل لەنێویاندا 27 کەس گیانیان لەدەستداوە.