قەیرانی ئابووری لە تورکیا قووڵتر دەبێتەوە؛ خەرجیی خۆراک لە کەمترین مووچە زیاترە

لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە تورکیا، کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان و بازاڕ زیاتر دەردەکەوێت.

 بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی مانگانەی سەندیکای کرێکارانی شۆڕشگێڕ  (DISK)، خەرجی خۆراکی مانگانەی خێزانێکی چوار کەسی بۆ 25,950 لیرەی تورکی بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا کەمترین مووچە لە وڵاتەکەدا 20,400 لیرەیە. ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر خێزانەکان دروستکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، هێڵی هەژاری بۆ خێزانێکی چوار کەسی، کە جگە لە خۆراک پێداویستییەکانی دیکەی وەک پەروەردە، تەندروستی و گواستنەوەش لەخۆدەگرێت، گەیشتووەتە 89,680 لیرەی تورکی.

لە بازاڕەکانی ئەنقەرە، فرۆشیاران و هاووڵاتییان نیگەرانی خۆیان لە دۆخی خراپی ئابووری دەردەبڕن. فرۆشیارێک دەڵێت، "ئیدارە نەماوە، ئێمە بە زەحمەت دەژین. کڕیارەکانمان کەمن و زۆربەیان هەژارن. دەوڵەمەندەکان بۆ بازاڕ نایەن." هاوڵاتییەکی دیکەش ئاماژە بەوە دەکات کە مووچەکەی بەشی کرێی خانوو و پێداویستییەکانی دیکەی ژیانی ناکات و ناچارە دوو کار بکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە مانگی تەمموزدا، میوە و سەوزە بە ڕێژەی 45.32٪ زۆرترین پشکی خەرجییەکانی خۆراکی پێکهێناوە. شیر و بەرهەمەکانی شیرەمەنی بە 212.96 لیرە لە پلەی دووەمدا دێن و گۆشت و مریشک و ماسی بە 161.61 لیرە لە پلەی سێیەمدان.

هەرچەندە وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دەدات، بەڵام ڕاپۆرتی سەندیکاکان و قسەی هاووڵاتییان و کاسبکاران وێنەیەکی جیاواز و پڕ لە نیگەرانی بۆ داهاتووی ئابووری وڵاتەکە نیشان دەدەن.

 
Fly Erbil Advertisment