لاڤرۆڤ: ئۆکرانیا مەرجەکانی ئێمەی بۆ کۆبوونەوەی نێوان زێلێنسکی و پوتن ڕەت دەکاتەوە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاشکرای کرد کە تاوەکوو ئێستا کات، شوێن و ئەجێندای کۆبوونەوەکەی هەر دوو سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دیاری نەکراوە، دەشڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە سازش بکات، بەڵام کیێڤ مەرجەکان ڕەت دەکاتەوە.
هەینی 22ـی ئابی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دانەنراوە. ئاماژەشی دا، سەرۆکی ڕووسیا ئامادەیە کۆببێتەوە، بەڵام سەرەتا دەبێت ئەجێندای کۆبوونەوەکە ئامادە بکرێت.
گوتیشی: ڕووسیا ئامادەیە سازش لەسەر هەندێک لەو بابەتانە بکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی پێ داوە، بەڵام زێلێنسکی هەموو ئەو مەرجەکانی مۆسکۆی ڕەت کردووەتەوە کە بە پێوستی دەزانین بۆ پرۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا.
سەرۆکی ڕووسیا باسی لەوەش کرد، هەندێک بنەما هەیە کە واشنتن دەزانێت ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین، ئەوانیش وەکوو ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ، گفتوگۆکردن لەبارەی دابەشکردنی خاک، بەڵام زێلێنسکی هەموو ئەمانەی ڕەت کردووەتەوە
لاڤرۆڤ ڕەخنەی زیاتر لە زێلێنسکی دەگڕێت و گوتی: تەنانەت ئەو ڕەتی کردووەتەوە کە یاسای قەدەغەکردنی زمانی ڕووسی هەڵبوەشێنێتەوە، چۆن دەتوانین لەگەڵ کەسێک کۆببینەوە کە خۆی وەک سەرکردە پیشان دەدات.
ڕۆژی دووشەممە 18ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا، ئەلێکساندەر ستەبی، سەرۆک فینلەندا، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، کییەر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن کردووە، پوتنیش ڕەتی نەکردووەتەوە.
هەروەها کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە دەرەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی 15ـی ئابی 2025 لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا کرا.