"زمانی جەستە".. مەترسیدارترین جێگرەوە بۆ ڕێنماییەکانی هاتوچۆ
گرفتێک لەنێو شۆفێراندا بووەتە دیاردە، ئەویش بەکارنەهێنانی ئاماژەی ئاراستەگۆڕین (ئیشارەت) و گۆڕینی هێڵەکانی شەقامە. بەشێک لە شۆفێرانی دیکە گلەییان هەیە و دەڵێن: "ئەو شۆفێرانەی پابەند نابن، دەبنە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ خۆیان و بۆ ئێمە."
لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی گشتی، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە جیاتی ئاماژەکانی هاتوچۆ و بە تایبەت ئاراستەگۆڕین (ئیشارەت)، زمانی جەستە بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە، بە دەست ئاماژە بە "بڕۆ" یان "بوەستە" دەدەن، یان بە لێدانی هۆڕنێک شۆفێری بەرانبەر تێدەگات کە پێویستە چی بکات.
نییان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە کاتی ئامادەکردنی ئەم پاکێجەیە، لە خاڵێکی سووڕانەوە لەسەر شەقامێکی خێرای هەولێر، نموونەی 100 ئۆتۆمبێلی وەرگرت، 69ـیان بەبێ داگیرساندنی ئاماژەی ئاراستەگۆڕین (ئیشارەت) سوڕانەوە. بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکانیش بە شێوەیەکی نایاسایی هێڵی شەقامیان بڕی یان هێڵی نایاساییان بۆ خۆیان دروستکرد، بۆ خێراتر سوڕانەوە، کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستکردنی قەرەباڵغی سەر شەقامەکان دادەنرێت.
ڕێباز کاکل، شۆفێرێکی شاری هەولێر، بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "زۆربەی جارەکان شۆفێران بەبێ داگیرساندنی ئاماژەکانی هاتوچۆ، دەسوڕێنەوە کە ئەمەش زۆرجار بووەتە هۆی قەرەباڵغی و ڕووداوی هاتووچۆ."
قەرەباڵغی هاتووچۆ بەربڵاوە، هەموو شۆفێران پەلەپەلێتیانە و زۆربەیان سەلامەتی خۆیان لەبەرچاو ناگرن.
دیمەنە باوەکانی نیو کاتژمێر لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەناو شار بریتیبوون لە:
* بەکارنەهێنانی زۆربەی ئاماژەکان.
* سوڕانەوەی لەناکاو بەبێ بەکارهێنانی ئاماژەکان.
* لێخوڕین لە دەرەوەی هێڵەکانی شەقام.
* تێپەڕاندنی هەڵە و پابەندنەبوون بە هێماکانی هاتوچۆ.
ڕێگر کەریم، شۆفێرێکی دیکەی شاری هەولێر، بە بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "تکا لە شۆفێران دەکەم ئاماژەکانی ڕاست و چەپ بەکاربهێنن. پێویست ناکات دەست و سەر وەک ئاماژە بۆ سووڕانەوە بجوڵێنن."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2024 لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی هەزار ڕووداوی هاتوچۆ تۆمار کراون. لە ئەنجامدا نزیکەی 80 کەس گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە 200 کەسیش بریندار بوون. زۆربەی هۆکارەکانی ئەو ڕووداوانە بۆ پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ دەگەڕێندرێنەوە.