گرانیی بەرچاوی نرخی میوە؛ بازاڕی میوەفرۆشانی کز کردووە

شەپۆلی گرانی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بازاڕی میوە و سەوزەشی گرتووەتەوە. بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، نرخی میوە و سەوزە لە مانگی یەکەمی پاییزی ئەمساڵدا، بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو %77.7 بەرز بووەتەوە و میوە لە دوای ئارد و نان و دانەوێلە، زۆرترین هەڵاوسانی هەبووە. هەر لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی میوە زیاتر لە %10 بەرز بووەتەوە.

قادر بەخشی، میوەفرۆش، بە کوردستان24ـی گوت: نرخی میوە لە ماوەی یەک هەفتەدا زۆر زیادی کردووە. نرخی یەک کیلۆ هەنار لە 110 هەزار تومەنەوە بووە بە 120 هەزار تومەن. نرخی کیلۆیەک پرتەقاڵ لە 120 هەزار تومەنەوە بووە بە 130 هەزار تومەن. نرخی میوە و سەوزەکانی دیکەش بە هەمان شێوە، زیادیان کردووە. 

ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم' لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاوی کردوەتەوە "نرخی میوە لە کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو %100گران بووە." ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی میوە لە ئاستی ئێراندایە. بە هۆی ئەم گرانییانەوە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان توانای کڕینی میوەیان نەماوە و بازاری میوە بە تەواوی سڕ بووە. 

مەتین کەریمی، میوەفرۆش، دەڵێت: ئەمساڵ نرخی میوە بێئەندازە گران بووە. کرێی کرێکار و گواستنەوەش زیاد بوونە. ئێمەش هەرچەند میوەکان لە نرخی ئاسایی هەرزانتر دەفرۆشین، بەڵام خەڵکەکە هێشتا توانی کڕینی میوەیان نییە و بازاڕی ئێمەش بە تەواوەتی کز بووە.

گرانیی نرخی میوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییان دەبێت. لەم دۆخەدا لایەنە فەرمییەکان، دەڵاڵان و میوەفرۆشەکان بە گرانکردنی میوە تۆمەتبار دەکەن و میوەفرۆشەکانیش دەڵێن ئەوان خۆیان میوەکە بە گران دەکڕن. لەم نێوەشدا ئەوەی زیانی سەرەکیی بەر دەکەوێت هەر هاووڵاتیی هەژارە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment