زەعفەران، سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات بۆ جووتیارانی کرماشان
چنینەوەی زەعفەران لە کێلگەکانی پارێزگای کرماشان دەستی پێ کردووە. چەند ساڵێکە جووتیارانی کرماشان دەستیان کردووە بە چاندن و بەرهەمهێنانی زەعفەران و لە ماوەیەکی کورتدا گەیشتوونەتە پلەی یەکەم لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
ئێستا جیا لە شاری کرماشان، لە شارەکانی داڵاهۆ، سونقوڕ، سەحنە، هەرسین، کەنگاوەر و گێلان زەعفەران بەرهەم دێت و زۆربەی ئەو جووتیارانەی زەعفەران بەرهەم دەهێنن، پەیڕەوانی ئایینی یارسانن.
حەسەن فەتحی، جووتیارێکی گوندی کامەرانی سەر بە شاری داڵاهۆ، بە کوردستان 24ـی گوت: ئاو و هەوای ئەم ناوچەیە بۆ کشتوکاڵ بە گشی و بەرهەمهێانی زەعفەران زۆر گونجاوە. ئێمە لە پاڵ چاندنی گەنم و جۆ و نۆک، ماوەیەکە زەعفەرانیش بەرهەم دەهێنین.
لە دوازدە ساڵی ڕابردوودا رووبەری ئەو زەوییانەی لە پاریزگای کرماشان زەعفەرانیان لێ بەرهەم دێت، لە پەنجا هێکتارەوە گەیشتووەتە 810 هێکتار کە نزیک 365 هێکتاری لە سنووری شاری کرماشان و ئەوەی دیکەش لە شارەکانی دیکە هەڵکەوتووە. چاوەڕێ دەکرێ ئەمساڵ بەرهەمی زەعفەرانی کرماشان بگاتە نزیک 5 تۆن.
سەعید پیری کامەرانی، جووتیار، گوتی: من یەکەم کەس بووم لەم ناوچەیەدا دەستم بە چاندن و بەرهەمهێنانی زەعفەران کرد. ئێستا ژمارەیەکی زۆر جووتیار زەعفەران بەرهەم دەهێنن کە سوودی زۆری ئابووری بۆ خەڵک و ناوچەکە هەیە.
پارێزگای کرماشان بە 310 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی دەتوانێ ببێتە یەکێک لە جەمسەرەکانی بەرهەمهێنانی زەعفەران لە جیهاندا. کوالێتیی ئەو زەعفەرانەی ئێستا لە کرماشان بەرهەم دێت لە ئاستی باشترین زەعفەرانەکانی جیهاندایە و شیاوی ئەوەیە بە پیشەسازی و هەناردە بکرێت.
ئەگەر ژێرخانی پیشەسازیی پێویست بۆ ئەم بەرهەمە لە پارێزگاکە دابین بکرێت، دەتوانێ ببێتە سەرچاوەیەکی زۆر سەرەکی و گرنگی داهات بۆ جووتیارانی ئەم ناوچەیە.
