دەروازەی سنووریی کێلێ بەڕووی بازرگانان و گەشتیاراندا کرایەوە
بەهۆی شەپۆلێکی چڕی بەفربارین و کڕێوەوە، دەروازەی سنووریی کێلێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دووبارە بەڕووی جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاریدا کرایەوە.
بەفربارینی ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری کێلێ بە جۆرێک بووە کە هاوشێوەی نەبووە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا. بەهۆی ئاستی بەرزی بەفرەکەوە، ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلی گەشتیاران لە دەروازەکەدا گیریان خواردبوو و بە تەواوی لەژێر بەفردا مابوونەوە.
تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بە بەردەوامی و بە بەکارهێنانی ئامێری قورس سەرقاڵی پاککردنەوەی ڕێگاکە بوون. سەرپەرشتیارانی تیمەکە ئاماژە بەوە دەدەن کە بەهۆی سەختیی ناوچەکە و نالەباریی کەشوهەواوە، کارەکانیان بۆ کردنەوەی ڕێگای سەرەکی گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر ئەستەم، بەڵام سەرەنجام توانیویانە ڕێگاکە بۆ هاتوچۆی بارھەڵگرەکان و گەشتیاران ئامادە بکەنەوە.
داخرانی ئەم دەروازە گرنگە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژ، زیانێکی دارایی زۆری بە بازرگانان و کەرتی گەشتیاری گەیاندووە، بەتایبەت کە هاوکات بووە لەگەڵ پشووەکانی سەری ساڵدا. جێی ئاماژەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران نزیکەی 7 ملیار دۆلارە و دەروازەی کێلێ ڕۆڵێکی بەرچاو لەم ئاڵوگۆڕەدا دەگێڕێت.
بەگوتەی دانیشتووانی ناوچەکە و بەرپرسانی سنوورەکە، ئەم قەبارە زۆرەی بەفربارینە بیری ساڵی 1992دەخاتەوە، کە بە "بەفرە سوورەکە" ناسراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بەفری لەو شێوەیە لە ناوچەکەدا نەباریوە.
لە ئێستادا، جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەکە دەستی پێکردووەتەوە و ڕێگاکە بە تەواوی بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان ئاسایی بووەتەوە.