ئاڵا نەوزاد: هونەری هاوچەرخ شێوازێکی نوێی بیرکردنەوەیە لەناو دونیای هونەریدا
خانمە نیگارکێش، ئاڵا نەوزاد، تیشک دەخاتە سەر تابلۆ ڕەنگاوڕەنگەکانی و باس لە هونەری هاوچەرخ دەکات و دەڵێت: هونەری هاوچەرخ زیاتر كار لەسەر بیرۆكە و ئایدیا دەكات، پەیوەستە بە هێزی بیركردنەوە، نەك هێزی وێنەكێشان.
خانمە نیگارکێش ئاڵا نەوزاد، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە چالاکییە هونەرییەکانی خۆی لەبواری شێوەکاری دەکات و دەڵێت، من لە ماوەی كاركردنی هونەریم دا، بەشداریم لە چەندین پێشانگە و چالاكی جۆراوجۆر كردووە لەسەر ئاستی كوردستان، وەکو ئەو پێشانگە هونەرییانەی بۆ دەرخستنی هێز و تواناكانی هونەرمەندانی گەنج پێشكەش دەكران، هەروەها بەشداریم لە چەندین وۆركشۆپ كردووە، لەسەر ئاستی ڕێكخراویش بە شێوەیەكی باش و چالاكانە لەگەڵ چەند ڕێكخراوێكی بیانی و ناوخۆیی كارم كردووە، دوایین چالاكیم بەشداریكردن بووە لە پێشانگەیەكی گەورەی هونەری مێژوویی بە ناونیشانی پێشانگەی "زین" كە تایبەت بوو بە ئەسپ لە دیرۆك و فەرهەنگی كوردیدا.
گوتیشی: من بە شێوەیەكی ئەكادیمی دەستم بە كاری هونەری كردووە، بۆیە بەكارهێنانی كەرەستەكان لای من جۆراوجۆر بوون و تاقیكاری بوون، ئەو كەرەستانەی زیاتر بەكارم هێناون وەکو، ڕەنگی ڕۆنی، ڕەنگی ئەكریالیك، ڕەنگی ئاوی و هەروەها هێڵكاری، دەتوانم بڵێم ئەوانە بناغەی ئەزموونی هونەری منیان داڕشتووە، ئێستاش هەوڵی تاقیكردنەوەی كەرەستەی نوێ دەدەم تاوەكو لەگەڵ بیرۆكەكانم پەیوەندییەك دروست بكەم، چونكە هەر كەرەستەیەك زمانێكی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت بزانی لەگەڵ كامە بیرۆكەی تۆدا قسە دەكات، هەر لەبەر ئەوەشە هونەرمەندانی ئێستە زیاتر لە هەر شتێك گرنگی بە بەكارهێنانی كەرەستە دەدەن بۆ گەیاندنی بیرۆكەكانیان.
ئاڵا نەوزاد، باس لە هونەری هاوچەرخ دەکات و دەڵێت، هونەری هاوچەرخ لای من شێوازێكی نوێی بیركردنەوەیە لە ناو دونیای هونەریدا، كە وادەكات هونەرمەند تەنیا پەیوەست نەبێت بە درووستكردنەوە، بەڵكو زیاتر و قوڵتر بچێتە ناو پڕۆسەی بیركردنەوە، واتە هونەری هاوچەرخ زیاتر كار لەسەر بیرۆكە و ئایدیا دەكات، پەیوەستە بە هێزی بیركردنەوە، نەك هێزی وێنەكێشان، سەرەتا بیرۆكە دواتر جێبەجێكردن، هونەرمەند لێرەدا چالاكانە بەشدارە لە گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە لە ڕێگەی شێوازە هونەرییە هاوچەرخەكانی وەکو، هونەری پێرفۆڕمانس و هونەری ئیسنتەلەیشن بە تایبەتی، چونكە ئەو شێوازە هونەرییانە لەناو خەڵك و بینەردا جێبەجێدەكرێت، بینەر بەشێكن لە كردارەكە، لەبەر ئەوەیە هونەری هاوچەرخ پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆتری هەیە بە بینەر و خەڵكەوە.
دەربارەی کردنەوەی پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی خۆی، ئاڵا نەوزاد ڕایگەیاند، من بۆ پێشانگەی تایبەتی كەمێك هەستیارم و زیاتر لێی هەست بە بەرپرسیارەتی دەكەم، بە بڕوای من گەر هونەرمەند قسەیەكی جددی نەبێت بۆ كردن باشترە نەچێتە ناو كردنەوەی پێشانگەی تایبەتی خۆیەوە، لەبەر ئەوەشە من تا ئێستە خۆم بەدوور گرتووە لە پێشانگەی تاكەكەسی و زیاتر حەز بە كاری گرووپ و بەكۆمەڵ دەكەم، چونكە ئەوە خاسیەتێکی هونەری ئێستایە کە كاركردنە بە تیم و گروپ.
ئەو خانمە نیگارکێشە باس لە ڕۆڵی ئافرەت لەناو تابلۆکانی خۆی دەکات و دەڵێت: لەناو تابلۆکانمدا ئافرەت ڕۆڵێكی تایبەتی نییە و لای من مرۆڤ گرنگە ئینجا هەر ڕەگەزێک بێت، هونەرمەندان بە درێژایی مێژوو سەرسام بوونە بە جوانی و ڕۆڵی ئافرەت، ئەوەش بە ڕوونی لە چەندین شاكاری ناوداردا ڕەنگی داوەتەوە وەکو، تابلۆی مونالیزا و پەیكەری ڤینۆس و چەندانی تر، بۆیە پرسیارەكە زیاتر هەڵدەگرێت وەك لە بابەتێكی جێندەری، پەیوەستە بە مەسەلەی بوونی مرۆڤەوە كە ڕەگەزی مێ بەرپرسە لە درووستكردنی ژیان و خستنەوەی نەوە، ڕەنگە هەر ئامادەیی ڕەگەزی مێ خۆی لەناو هونەر وەك هونەرمەند بابەتێكی گرنگ بێت، دەتوانین بڵێین ئافرەت لە بنەڕەتدا هونەرمەندێكی سرووشتییە.
لەکۆتایی قسەکانیدا، ئاڵا نەوزاد، باس لە فەلسەفەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: من نیگارکێشێكم کە پراکتیکە هونەریییەكەم بەدواداچوون بۆ تەوەرەکانی باروودۆخی ژن و ئەزموونی بەرفراوانی مرۆڤایەتی دەکات، کارەکانم بە قوڵی ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕاستی کەسی و کۆمەڵایەتییەکانە، سەرنج دەخەمە سەر ئەو ڕووداوە سۆزداریانەی کە بەهۆی یادەوەری و شوێن لە قاڵب دراون، من ڕەگ و ڕیشەی كاركردنم لە نۆستالژیا و یادەوەرییە کەسییەکاندا هەیە، وەک ناسنامەیەکی هونەری خۆم مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم، لە ڕێگەی نیگارکێشانەوە گێڕانەوەی ناوەوە دەگۆڕم بۆ فۆڕمی دەربڕین، هەروەها تەکنیکە هونەرییە جۆراوجۆرەکان بەکاردەهێنم وەکو، نیگاركێشان لەڕێگەی فڵچەی دەربڕینەوە تا ڕەنگ و فۆڕمی هێمادار، بۆ ورووژاندنی بیرکردنەوە و هێنانەدی وەڵامێکی سۆزداری قووڵ لە بینەردا، من بە ئەزموونی كاری ئەكادیمی دەستم پێكرد، دواتر كارەكانم بەرەو ئەو ئاڕاستەیە گۆڕا كە فەزایێک بۆ بیرکردنەوە درووست بکەم، کە ئەزموونی کەسی خۆم لەگەڵ مێژووی بەکۆمەڵدا تێكەڵ بكەم، بینەر بانگهێشت دەکەم بۆ بەشداریکردن لەگەڵ پرسەکانی مرۆڤایەتی، هەروەها مێینەیی و هۆشیاری لەسەر هەردوو ئاستی سۆزداری و تێڕامان.
خانمە نیگارکێش ئاڵا نەوزاد، لە ساڵی 1997 لە شاری هەولێر لەدایک بووە، لە ساڵی 2013 چۆتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر و بەشی نیگارکێشانی خوێندووە، لە ساڵی 2019 بڕوانامەی دبلۆمی نیگارکێشی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر بەدەستهێناوە، خاوەنی چەندین پێشانگەی بە کۆمەڵە لەسەر ئاستی کوردستان.