زیاتر لە 720 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی هەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی مووچە هەنگاوی گەورەی بڕیوە و لەم مانگەدا 720 هەزار مووچەخۆر لە سێکتەرە جیاوازەکان مووچەکانیان لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە وەردەگرن. بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکەدا 900 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە: زیاتر لە 720 هەزار مووچەخۆری مەدەنی، خانەنشین، پێشمەرگە و ئاسایش و خانەوادەی شەهیدان مووچەی مانگی دوو بەشێوەی دیجیتاڵی لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەردەگرن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەش کردووە، تا ئێستا، زیاتر لە 900,000 مووچەخۆر خۆیان تۆمار کردووە لە پڕۆژەی هەژماری من. جێگای باسە کە لە چوارچێوەی پرۆژەکە نزیکەی 572 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیرکراون بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە رابکێشن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری دەشڵێت: پڕۆژەی هەژماری من، کە دەستپێشخەرییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

خشتەی 1: ژمارەی فەرمانبەران کە بەدیجیتاڵی مووچەی مانگی دوو وەردەگرن بەپێی پارێزگا