رووسیا شێوازێکی نوێی ئاودێری داهێنا

توێژەرانی رووسیا هایدرۆجێلێکی نوێیان پەرەپێداوە کە وەک کۆگایەکی ئاو لەناو خاکدا کار دەکات و توانای مژینی بڕێکی زۆر ئاوی هەیە، ئەمەش یارمەتی کەرتی کشتوکاڵ دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیدا.

توێژەرانی زانکۆی حکوومیی ڤۆرۆنیژ بۆ تەکنەلۆژیای ئەندازیاری لە رووسیا، پەرەپێدانی هایدرۆجێلێکی فرەبەکارھێنانیان بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکان و باخچەکان راگەیاند، کە ئامانج لێی رێکخستنی شێی خاکە. توێژەران دەڵێن هەر یەک گرام لەم هایدرۆجێلە دەتوانێت چەندین لیتر ئاو بمژێت و لە کاتی پێویستدا بە هێواشی بۆ خاکی بەرداتەوە.

ئەم داهێنانە لەسەر داوای کۆمپانیایەکی چینی ئەنجامدراوە و بنەماکەی لە شەکرە سروشتییەکان و ترشی ئەکریلیک پێکهاتووە. توێژەران لە سەرەتادا ماددەی "کیتۆسان"یان بەکارهێناوە کە لە قاوخی قرژاڵ و مەیگو وەردەگیرێت، بەڵام دواتر ماددەی "پێکتین"یان وەک بەدیلێکی خۆماڵی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە کارگە گەورەکاندا بە ئاسانی بەرهەم بهێنرێت.

پڕۆفیسۆر پاڤێڵ سوخانۆڤ، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هایدرۆجێلە لانی کەم 2 لیتر ئاو بۆ هەر 1 گرام دەمژێت. وتیشی: "ئەم ماددەیە وەک سیستمێکی خۆکاری ئاودێری کار دەکات؛ لە کاتی زۆریی ئاودا شێیەکە کۆدەکاتەوە و لە کاتی وشکیدا دەیداتەوە بە روەکەکە."

ئەم هایدرۆجێلە چەند تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە، لەوانە گواستنەوەی پەینە کانزاییەکان بۆ ناو رەگی روەکەکە، هەروەها ماددەیەکی ژینگەدۆستە و دوای ماوەیەک بەبێ زیان لەناو خاکدا شی دەبێتەوە. جیا لە بواری کشتوکاڵ، لە تاقیکردنەوە پزیشکییەکاندا وەک ماددەیەک بۆ وەستاندنی خوێنبەربوون کارایی خۆی سەلماندووە.

کۆمپانیایەکی چینی مافی بازرگانیی ئەم تەکنەلۆژیایەی کڕدراوە. یەکێک لە سوودە پراکتیکییەکانی ئەم داهێنانە ئەوەیە کە دەتوانرێت بۆ روەکەکانی نێو ماڵ بەکاربهێنرێت؛ بەجۆرێک پێش گەشتکردن بۆ ماوەیەکی درێژ، دەکرێت تەنیا 1 جار ئاوێکی زۆر بدرێت بە روەکەکە و هایدرۆجێلەکە ئەرکی ئاودانی بەردەوام بەپێی پێویستی خاکەکە لە ئەستۆ دەگرێت.

شێوەی هایدرۆجێلەکان