سۆران.. کامێرای گەرمیپێو بۆ دۆزینەوەی سێ منداڵەکە بەکاردەهێنرێت

لە چوار زۆنەوە بەدوای سێ منداڵەکە دا دەگەڕێن و بە کامێرای گەرمپێو چاودێری دۆزینەوەی سێ منداڵەکە دەکرێت، تیمی بەرگیریی شارستانیی سۆران و مێرگەسۆر و ئاکری و هەولێر تیمەکانیان خستووەتە گەر بۆ دۆزینەوەی هەرسێ منداڵەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تەیفور محەممەد پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: بەردەوامین لە پڕۆسەی گەڕان و بۆ ئەم مەبەستە داوای هاوکاریمان لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور کردووە. ئەوانیش بە دەم داواکارییەکەمانەوە هاتوون بە دابینکردنی سۆنەر و کامێرای گەرمیپێو و درۆن."

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران گوتیشی "کامێرای گەرمپێو زۆر گرنگن، چونکە رەنگی تەنەکان و مرۆڤمان بۆ دەستنیشان دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر تەنێکی جیاواز لە ناو ئاوەکەدا هەبێت، بە ڕەنگێکی جیاواز نیشانمان دەدات، ئەمە وای کردووە چەند شوێنێکی گوماناوی دەستنیشان بکەین بۆ ئەوەی غەواسەکانمان (ژێرئاوگەرەکان) تێیدا بگەڕێن."

شەوی هەینی، لە رووداوێکی هاتوچۆدا ئۆتۆمبێلێک بە سێ منداڵەوە کەوتە نێو رووباری گەلی عەلی بەگ و تا ئێستا گەران بەدوایاندا بەردەوامە.