شۆڕشی ئاو و پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەی لە چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی تۆمار کردووە و رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات، هاوکات ساڵانە زیاتر لە 500 ملیار دینار بۆ پاڵپشتی کەرتی ئاو تەرخان دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە چواچێوەی خزمەتگوزاریی "خزمەتی هەواڵ" لە راپۆرتێکی وردداو بە پشتبەستن بە ئاماری فەرمی؛ دووپاتی کردەوە، ژێرخانی ئاو لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و کێشەی دەیان ساڵەی کەمئاوی لە چەندین شار و ناوچە کۆتایی هاتووە.

 

توانای ژێرخان و بەرهەمهێنانی رۆژانە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە دا، ئێستا 25 وێستگەی پاڵاوتن، 4946 بیر و 536 کانی لە سەرتاسەری کوردستاندا بوونیان هەیە. لەرێگەی ئەم سەرچاوانەوە رۆژانە 2.5 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پاک بەرهەم دەهێنرێت و بەسەر یەک ملیۆن و 181 هەزار هاوبەشدا دابەش دەکرێت.

 

پڕۆژە ستراتیژییەکان و چارەسەری کێشەکان

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر رۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات و لە ماوەی دوو ساڵدا کێشەی 30 ساڵەی شاری هەولێری بە رێژەی 100% چارەسەر کردووە. هەروەها، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە رۆژانە 72 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات و کێشەی ناوچەکەی بنبڕ کردووە. بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەویش حکوومەت هەنگاوی گەورەی ناوە، بە جۆرێک 900 بیری ئاو لە هەولێر و 109 بیر لە قوشتەپە کوژێنراونەتەوە.

 

بەرەوپێشچوونی کارەکان لە ناوچەکانی تر

فەرمانگەکە روونیشی کردەوە، کارکردن لە پڕۆژەی چەمچەماڵ-گۆپتەپە 31%ی تەواو بووە، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ 65% و پڕۆژەکانی دەربەندیخان و 51 گوندی سنووری بارزانیش 98%یان تەواو بووە. بۆ داهاتووش پلان دانراوە کار لەسەر هێڵی سێیەمی دووکان-سلێمانی، ریسایکلینی ئاوی قورس لە هەولێر و پڕۆژەکانی کۆیە، سۆران و کەلار بکرێت.

 

پشکی تاک و بەراوردی وڵاتان

سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاو، ئەوە خراوەتە روو، هەر تاکێک رۆژانە پێویستی بە 181 لیتر ئاو هەیە، بەڵام حکوومەت رۆژانە 350 لیتر دابین دەکات. ئەم رێژەیە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە زۆر بەرزترە بە جۆرێک لە تورکیا (150 بۆ 200 لیتر)، سووریا (120 بۆ 180 لیتر)، سعوودیە (250 بۆ 300 لیتر)، ئوردن (80 بۆ 120 لیتر)، میسر و لوبنان (130 بۆ 200 لیتر) ئاو بۆ هەر تاکێک دابین دەکرێت.

 

تێچوو و پاڵپشتی دارایی 

لە کۆتاییدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای کرد، تێچووی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ساڵانەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی ئاو دەگاتە 500 ملیار دینار. لە بەرانبەردا تەنیا 60 ملیار دینار وەک داهات دەگەڕێتەوە، بەمەش حکوومەت ساڵانە بە بڕی 440 ملیار دینار پاڵپشتی دارایی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئاوی پاک.