سەرۆک شارەوانییەکی دیکەی جەهەپە دەستگیرکرا
بە تۆمەتی "گەندەڵیی و پێکهێنانی رێکخراوی تاوانکاری"، سەرۆکی شارەوانی سیلیڤری و 16 کەسی دیکە لەلایەن پۆلیسی ئیستانبوڵەوە دەستبەسەر کران. داواکاری گشتیی سیلیڤری رایگەیاندووە، تەنیا لە یەک مامەڵەی فرۆشتنی زەویدا زیاتر لە 21 ملیۆن لیرە زیان بە سامانی گشتی گەیشتووە و بۆرا باڵجیئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانییەکەش کە سەر بە جەهەپەیە وەک سەرۆکی رێکخراوەکە تۆمەتبار کراوە.
رۆژی هەینی، 12ی حوزەیرانی 2026، داواکاری گشتیی لە سیلیڤری رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان دەریانخستووە کە ژمارەیەک کار و رێکاری ناو شارەوانی بۆ مەبەستی دەستکەوتی تایبەت بەکارهێنراون. رێکارە نایاساییەکان بوارەکانی دامەزراندنی کارمەند، گۆڕینی خاوەندارێتی و بەکرێدان، مۆڵەتی بیناسازی، رێگری لە بڕیاری مۆرکردنی باڵەخانەکان، نیشتەجێبوونی نایاسایی و فرۆشتنی موڵک و ماڵی شارەوانی دەگرێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی پسپۆڕانی دارایی، زەوییەکی شارەوانی کە وەک ناوچەی پارک و سەوزایی تۆمارکراوە، بە نرخێکی زۆر کەم فرۆشراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی زیانی 21 ملیۆن و 522 هەزار و 717 لیرە لە سامانی گشتیدا.
لەسەر بنەمای ئەم بەڵگانە، داواکاری گشتیی بە تۆمەتی "پێکهێنانی رێکخراو بۆ ئەنجامدانی تاوان و بەڕێوەبردنی"، "ئەندامێتی لە رێکخراوی نایاسایی"، "وەرگرتن و دانی بەرتیل"، "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات"، "ساختەکاری لە تەندەرەکان" و "سپیکردنەوەی پارە" لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.
داواکاری گشتیی ئاماژەی بەوە کردووە، گومانێکی بەهێز هەیە کە ئەم کارانە لە چوارچێوەی رێکخراوێکی تاوانکاریدا ئەنجام دراون، کە بۆرا باڵجیئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی سیلیڤری وەک دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری رێکخراوەکە دەستنیشان کراوە و لەگەڵ گومانلێکراوەکانی دیکەدا دەسەڵاتی شارەوانییان بۆ بەرژەوەندیی نایاسایی بەکارهێناوە.
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا کە لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانی پۆلیسی ئیستانبوڵەوە ئەنجامدرا، 17 گومانلێکراو دەستبەسەر کران کە سەرۆکی شارەوانییەکەشیان تێدایە. هاوکات هێزەکانی پۆلیس پشکنینی وردیان لەناو بینای شارەوانیی سیلیڤری ئەنجامدا.
لە دوای هەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداری 2024، گوشارەکان بۆ سەر شارەوانییەکانی پارتی کۆماری گەل "جەهەپە" زیادیان کردووە، بە شێوەیەک لە کۆی 32 شارەوانیی پارێزگاکان کە ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکاندا بردییەوە، لە 6 شارەوانییاندا ئۆپەراسیۆن ئەنجامدراوە و تاوەکو ئێستا 26 سەرۆک شارەوانیی سەر بە جەهەپە زیندانی کراون. دۆخەکە لە ئیستانبوڵ چڕتر بووەتەوە؛ لە کۆی 26 شارەوانیی ئەو شارە کە جەهەپە بردییەوە، 11 سەرۆک شارەوانی زیندانی کراون، لە دوو شارەوانیدا قەیوم (سەرپەرشتیاری حکومی) دامەزرێنراوە و سێ شارەوانیی دیکەش گەڕاونەتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان (AK Parti)؛ لە درێژەی ئەم هەڵمەتانەشدا بەیانیی ئەمڕۆ 12ی حوزەیرانی 2026، بۆرا باڵجیئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی سیلیڤری وەک نوێترین سەرۆک شارەوانیی دەستبەسەرکرا.