نەتەوە یەكگرتووەكان: 70% ژنانی جیهان رووبەڕووی توندووتیژیی دەبنەوە
"130 ملیۆن كچ لە جیهان خەتەنە كراون"

K24
بەپێی ئامارەکانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان 70% ژنانی جیهان رووبەڕووی توندووتیژیی دەبنەوە و ئەوروپاش لەم ئامارە بەدەر نییە.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژیی دژی ئافرەتان و لە نوێترین راپۆرتیدا لە بارەی ئاماری توندووتیژیی دژی ئافرەتان لە جیهان رایگەیاند:
"بازرگانیكردن بە ژنان لە جیهان رووی لە هەڵكشانە وڵاتانی ئەوروپاش لەم راستییە بەدەر نین، و بەپێی ئامارەکان 70% ژنان لە جیهان رووبەڕووی توندووتیژیی دەبنەوە".
نەتەوە یەكگرتووەكان دەشڵێ: "زیاتر لە 130 ملیۆن كچ لە جیهان كە تەمەنیان لە خوار 15 ساڵیدایە خەتەنە كراون و وڵاتانی ئەفریقا لە پێشەنگی جیهانن بۆ خەتەنەكردنی كچان و 34% ئافرەتانی ئەوروپاش رووبەرووی سزای دەروونیی بوونەتەوە".
بەپێی راپۆرتەکە: زیاتر لە 700 ملیۆن ئافرەتی تەمەن 18 ساڵیی ناچار كراون ھاوسەرگیریی بكەن و زیاتر لە 130 ملیۆن ژن رووبەڕووی سێكسی زۆرە ملێ بوونەتەوە، و ژنان لە 70% سەرجەم ئەو كەسانە پێكدەهێنن كە لە ئاستی جیھان بازرگانییان پێوە دەکرێت".
نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشکراشی کرد کە: لە ھەر سەد ژن لە جیهان رۆژانە دە ژن رووبەرووی دەستدرێژیی سێكسیی دەبنەوە و لە ئاستی جیهانیش فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریكا لە پێشەوەی ئەم ریزبەندەن، بەڵام بە ھۆی جەنگ و توندووتیژییەكان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ژنان زیاتر دەبنە قوربانیی".
