ژمارەیەك ھاووڵاتی لە دەستی داعش رزگاردەبن

"لە كەمپی مشتەنوور نیشتەجێبوونە"

K24 - كۆبانێ:

دوای چەند مانگ دەستگیركردنیان، ژمارەیەك ھاووڵاتی لە رۆژئاوای كوردستان لە دەست چەكدارانی داعش رزگاریان بوو.

پەیامنێری (كوردستان24) لە كۆبانێ رایگەیاند: "18ھاووڵاتی كوردی خەڵكی گوندی قولان، كە چەند مانگێك بوو لە لایەن چەكدارانی داعش رفێنرابوون لە گرتووخانەی داعش لە شاری (باب)ی سەر بە پارێزگای حەلەب زیندانیكرابوون، خۆیان رزگار كردووە و گەیشتنەوە كۆبانێ".

گوتیشی: "چەند مانگ بەر لە ئێستا ئەو ھاووڵاتیانە لە گوندی قولان لە لایەن چەكدارانی داعش رفێندراون، دوای گەیشتنەوەیان بۆ كۆبانێ لەگەڵ خێزانەكانیان لە كەمپی مشتەنوور لە كۆبانێ نیشتەجێ بوونە".

ژمارەیەك لەو ھاووڵاتیانەی لە دەست داعش رزگاریان بووە بە (كوردستان24)یان راگەیاند: "بەھۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان لە نزیك ئەو بەندیخانەیە، ھەلی ئەوەمان بۆ رەخسا رابكەین، بەڵام زۆر زەحمەتمان كێشا تا گەیشتینەوە كۆبانێ".

لە 24ی ئابی ساڵی رابردوودا گوندی قولان لە باشووری كۆبانێ كەوتە دەست چەكدارانی داعش، ھەر ئەو كات خەڵكی گوندەكە بە پیاو و ژن  ومنداڵ لە لایەن چەكدارانی داعشەوە دەستگیر كران، دوای ماوەیەك ژن و منداڵەكانیان ئازادكردن و پیاوەكانیان زیندانیكران، بەپێی زانیاریی خەڵكی ناوچەكە و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە رۆژئاوای كوردستان تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتیان لە زیندانەكانی داعش ماون.

Fly Erbil Advertisment