ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ داوای دەكەن ھەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوەنەچێت
زیاتر لە 300 مامۆستای زانكۆ لە نامەیەكی كراوەدا بۆ سەرۆك كۆماری ئێران، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە رەتكردنەوەی بەرفراوانی كاندیدانی باڵی رێفۆرمخواز دەربڕی و داوادەكەن ھەڵبژاردنێك ئەگەر دەنگی جیاوازی تێدا نەبێت، بەڕێوەنەچێت.
K24- تاران:
زیاتر لە 300 مامۆستای زانكۆ لە نامەیەكی كراوەدا کە بۆ سەرۆك كۆماری ئێرانیان ناردووە، نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە رەتكردنەوەی بەرفراوانی كاندیدانی باڵی رێفۆرمخواز دەربڕی و رایانگەیاند ئەگەر بڕیارە دەنگی جیاواز لەو ھەڵبژاردنەدا نەبێت، بەڕێوەنەچوونی باشترە.
ھەوڵەكان بۆ گەراندنەوەی كاندیدە رەتكراوەكان ھەر بەردەوامە و بەشێك لە ماموستایانی زانكۆ و توێژەرە ئاكادێمییەكانی ئێران لەنامەیەكدا داوایان لە حەسەن رووحانی، سەرۆك كۆماری ئێران كردووە، بوار بۆ ھەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە و فرە دەنگ و رەنگ برەخسێنێت.
ماڵپەرێكی نزیك لە میرحوسێن مووسەویی، سەركردەی بەندكراوی ریفۆرمخوازان ئەو نامەیەی بڵاوكردووەتەوە.
لە نامەكەی ئەو مامۆستایانەدا ھاتووە: "رەتكردنەوەی ریفۆرمخوازان بەو رێژە بەرفراوانە ھاوڵاتیان لە چوون بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان دڵسارد دەكاتەوە".
ھەروەھا باس لەوەكراوە، کە پێویستە سەرۆك كۆمار پابەندی ئەو "سوێندە" بێت كە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و یاسا خواردوویەتی و ھەوڵبدات بوار بۆ ھەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە بڕەخسێنێت، بە جۆرێك سەرجەم دەنگ و رەنگەكانی ئێران خۆیانی تێدا ببێننەوە".
ئەو نامەیە واژووی نوێنەرانی مامۆستایانی سەرجەم زانكۆكانی ئێرانی پێوەیەوە و نووسیویانە: "ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە كەشێكی نادادپەروەرانەدا كە كێبەركێ و رای جیاوازی تێدانەبێت، پێگەی ئێران لە جیھاندا لاواز دەكات، بۆیە ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنەكە زۆر باشترە".
ئەو نامەیە لەكاتێكدایە پێشتر سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی رایگەیاند: "ھەموو دەسەڵاتەكانم بۆ ھێنانەوەی زۆرترین ژمارەی كاندیدە رەتكراوەكان بەكاردێنم".
هاوکات ھەوڵەكانی سەرۆك كۆمار بۆ گەڕاندنەوەی كاندیدە ریفۆرمخوازە دیارەكان و كاندیدەكانی بەرەی یەكگرتووی كورد تا ئێستا سەركەوتوو نەبوون.