سوپای تورکیا: بەهۆی بۆردومانی "داعشەوە" سەربازێکمان گیانی لەدەستدا
"سەربازێکی دیکەشمان بریندارە"
K24-هەولێر
سوپای تورکیا رایگەیاند بەهۆی بۆردومانی داعشەوە لە کاتی شەڕیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە باکووری عێراق سەربازێکمان لە بنکەیەکی سەربازییمان لە ناوچەکە گیانی لەدەستدا و سەربازێکی دیکەش برینداربوو.
سوپای تورکیا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "وەڵامی بۆردومانەکە درایەوە و چەند پێگەیەکی دەوڵەتی ئیسلامیی کە لە ناوچەکە دیار کرابوون کرانە ئامانج و سوپا بە تۆپخانە لە سەربازگەکەیەوە چەند پێگەیەکی دەوڵەتی ئیسلامییان بۆردومان کرد و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی (ئەمریکا) چەند پێگەیەکی دیکەیان کردە ئامانج".
دوێنێ چەكدارانی داعش لە میحوەری باشیك ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) موسا گەردیی، فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگوردی ھێزی پێشمەرگە رایگەیاند: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (دوێنێ) داعش لە میحوەری باشیك ھێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان لێیان ھاتنە دەست و شكستیان بە ھێرشی داعش ھێنا".
هێزێکی تورکیا لە نزیکی شارۆچکەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا جێگیر کردووە و دەڵێ ئەو هێزانە بۆ مەشقپێکردنی هێزە خۆبەخشەکان هاتوون لە عێراق بۆ بەشداریکردن لە هێرشی گرتنەوەی شاری مووسڵ.
سەرچاوە: رۆژنامەی حورییەت، ئا: ئا ، ف