ئێران ھاوكاری ئەمریكا دەكات بۆ دۆزینەوەی لەڤینسۆن

"نابێ ئەمریکا رێگەپێشاندەری ئێران بێت"

K24 - ھەولێر:

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ دۆزینەوەی رۆبەرت لەڤینسۆن کارمەندی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا، هاوکاریی ئەم وڵاتە دەکات.

لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی مێھر حسێن سوبحانینیا، رایگەیاند: "ئێران بە مەبەستی دۆزینەوەی رۆبەرت لەڤینسۆن هەوڵ دەدات، بەڵام نابێ ئەمریکا رێگەپێشاندەری ئێران بێت".

رەخنەی لەم بڕیارنامەیە ئەمریكا گرتووە و دەڵێ: "ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆی نییە لە بارەی وڵاتێکی دیکەوە بڕیارنامە دەربکات و بۆ ئەنجامدانی کارێك ناچاری بکات".

گوتیشی: "لەڤینسۆن، سیخۆڕی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بووە و ئەمریکا بۆی نییە بۆ دەست تێوەردان لە ناوچەکە بەردەوام سیخوڕە فەرمی و نافەرمییەکانی بنێرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، سەرەتای ئەم مانگە لە بڕیارنامەیەکدا، داوای لە ئێران کرد بە مەبەستی دۆزینەوەی لەڤینسۆن یارمەتیی زیاتری ئەمریکا بدات. رۆبەرت لەڤینسۆن.

رۆبەرت لەڤینسۆن، كارمەندی دەزگای ھەواڵگری ئەمریكایە و هەشت ساڵ لەمەوبەر لە دورگەی کیش لە باشووری ئێران بێسەروشوێن بووە.