رۆژئاوای كوردستان..نەخشە رێگای دیمستۆرا بۆ داھاتووی سووریا رەتدەكرێتەوە
K24 - قامشلۆ:
پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنن، نەخشە رێگای ستیڤان دیمستۆرا، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا رەتدەكەنەوە، كە بۆ داھاتووی سووریا ئامادەی كردووە، چونكە تایبەتمەندییەكانی گەلی كورد لەو نەخشە رێگایەدا دیار نەكراوە.
لە بارەوە تەلال محەممەد، سەرۆكی پارتی ئاشتی دیموكراتی كورد لە سووریا بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "وەك بەڕێوەبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان ئەو نەخشە رێگایەی رەتدەكەینەوە كە لە لایەن دیستۆرا ئامادەكراوە، چونكە ئێمە وەك ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات و گەلی كورد وەك نەتەوەی سەرەكی بەشدارنین، ھەر بڕیارێك لە جنێڤ بدرێت ئێمە قبوڵی ناكەین".
پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان ھەموویان كۆكن لەسەر رەتكردنەوەی نەخشە رێگای دیمستۆرا بۆ ئایندەی سووریا، عەبدولسلام خەلەف برۆ، سەركردەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) بە (كوردستان24)ی گوت: "سەبارەت بەو نەخشە رێگایە ئەنەكەسە سێ نامەمان بۆ دیستۆرا رەوانە كردووە، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە نەخشە رێگاكە بكات".
دوای خولی دووەمی دانوستانەكانی جنێڤ بە مەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی سووریا ستیڤان دیمستۆرا، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا، نەخشە رێگایەكی بۆ داھاتووی سووریا ئامادەكردووە، بەڵام پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان رایانوایە كێماسی زۆر لەو نەخشە رێگایەدا ھەیە و تایبەتمەندییەكانی كورد وەك نەتەوەی سەرەكی دیار نەكراوە.