ساڵح موسلم: پێشینە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێڵی هاوکاریی داعشە لە تورکیاوە تاوەکوو رەققە
"بڕیاری دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی لای هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە"
K24-هەولێر
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە رۆژئاوی کوردستان، ساڵح موسلم رایگەیاند بڕیاری گرتنەوەی رەققە دراوە، بەڵام پێشینە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێڵی هاوکاریی داعشە لە سنووری تورکیاوە تاوەکوو دەگاتە رەققە بۆ بڕینی ئەم شا دەمارەی رێکخراوی داعش.
ساڵح موسلم بە رۆژنامەی ئەلشەرقولئەوسەتی سعوودیی راشیگەیاند: "بڕیاری رزگارکردنی رەققە لە باکووری سووریا لە بندەستی (داعش) دراوە، بەڵام پێشینە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێڵی هاوکاریی (داعشە) لە سنووری تورکیاوە تاوەکوو دەگاتە شاری رەققە بۆ بڕینی ئەم شا دەمارەی رێکخراوی داعش".
ساڵح موسلم جەختیش دەکاتەوە کە: دەستپێکردنی پرۆسەکە "پاڵپشتیی سیاسیی بەدەستهێناوە و چاوەڕوانی بڕیاری سەربازییە، چونکە پرۆسەکە پشت بە هاوکاریی سەربازییەوە دەبەستێ لەپاڵ دابینکردنی هاوکاریی ئاسمانیی بۆ هێزە هێرشبەرەکان و بڕیاری وادەی دەستپێکردنی پرۆسەکە پەیوەندیی بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە هەیە".
هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە رۆژئاوی کوردستان ئاماژەش دەکات کە: "هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی هەماهەنگیی دەکەن تەنیا بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر" و رەتیکردەوە هیچ هەماهەنگییەکی سەربازیی راستەوخۆیان لەگەڵ مۆسکۆدا هەبێ و روونیکردەوە کە: هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی ئاسمانیی رووسیا "بە رێگەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دەکرێت".
لەبارەی ترسی ئەوەی پرۆسەکە ببێتە هۆی ناکۆکیی لە نێوان کورد و عەرەب لە ناوچەکە بەو پێیەی ئەو ناوچەی چاوەڕوان دەکرێت هێرشی بکرێتە سەر عەرەبی لێ نیشتەجێیە، ساڵح موسلم گوتی: باسکردنی ناکۆکیی "دروست نییە، چونکە هێزە هێرشبەرەکان بریتین لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە شەرڤانانی عەرەب و کورد پێکهاتوون، نەک هێزەکانی یەکنەکانی پاراستنی گەل بە تەنیا، بۆیە ئەمان بەشێکی خاکی سووریا لە بندەستی تیرۆر رزگار دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هیچ هۆکارێک نەبێ بۆ دروستبوونی ناکۆکیی".
ئەمە لە کاتێکدایە چەکدارانی داعش تا ئێستا دەستیان بەسەر ناوچەیەکی فراوانی سووریا گرتووە کە لە سنوورەکانی شارۆچکەی مارع لەسەر سنووری تورکیا-سووریا دەستپێدەکات تاوەکوو دەگاتە شارۆچکەی جەرابلس لە باکوور، هاوکات لە باشووریشەوە لە ناوچەی منبج و باب دەستپێدەکات تاوەکوو دەگاتە کەناری رووباری فورات لە رۆژهەڵات و شارۆچکەی شەدادیی لە دەوروبەری شاری حەسەکە بە شاری رەقەشەوە ئەمەش بەو واتایەیە داعش ناوچەیەکی زۆر فراوانی سووریا لە بندەستە.
ئا: ئا ، ف