فەرەنسا دان بە نووسینگەی نوێنەرایەتیی کوردی سووریا لە پاریس نانێ

وەڵامی لێدوانێکی ساڵح موسلم دا کە گوتوبووی بە نیازە نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی کوردستانی سووریا لە فەرەنسا بکاتەوە.

K24-هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند دان بە نووسینگەی نوێنەرایەتیی کوردی سووریا لە پاریس نانێ و دڵنیایی دا کە "تاقە دانووستکاری شەرعیی" هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە کە باڵوێزێکی لە پایتەختی فەرەنسا هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، رۆمان نادال رایگەیاند: "هیچ ئەگەرێک لە ئارادا نییە بۆ دانپێنان بە هەر نوێنەرایەتییەکی کوردانی سووریا لە فەرەنسا".

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان (پەیەدە)، ساڵح موسلم دوێنێ رایگەیاند کە: بە نیازە "نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی کوردستانی سووریا لە فەرەنسا بکاتەوە و نووسینگەیەکی هاوشێوەش لە واشنتن بکاتەوە".

پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە 17 مانگی سێی ساڵی 2016 سیستمی فیدڕاڵیی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا راگەیاند، لە مانگی دووی ساڵی 2016 نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی رۆژئاوای لە موسکۆی پایتەختی رووسیا کردەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی: "دانووستکارێکمان هەیە کە هاوپەیمانێتی نیشتمانیی سووریا"ی بەرهەڵستکارە و لە ساڵی 2012 نوێنەرایەتی لە پاریس هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی نارەزایەتی تورکیاوە تا ئێستا رێگە نەدراوە بە پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە دانووستانەکانی بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی سووریا و بەرهەڵستکارانی لە موسکۆ باشداربێ، چونکە تورکیا پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناودەبات.

سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف