ئەمریكا كارێكی یەپەگە ئیدانە دەكات

یەپەگە: كارێكی تاكە كەسی بووە

K24-ھەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشاندان و سوڕانەوەی تەرمی چەكدارانی ئیتلافی نیشتمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە شەقامەكانی شاری عەفرین لە لایەن شەڕڤانانی یەپەگە ئیدانە دەكات.

لە كونگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مارك تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: "پێشاندانی تەرمەكان بەو شێوەیە ئیدانە دەكەین" ھۆشداری دایە پەیەدە و یەپەگە لەم جۆرە كردەوانە، ئاماژەشی بە راپۆرتی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی كرد كە پەیەدەی تۆمەتباركردوە بە ئەنجامدانی پێشێلكاری مافی مرۆڤ".

سەركردایەتی گشتیی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە شاری عەفرین لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە: "ئەو كارەی كراوە كارێكی تاكە كەسی بووە، پەیوەندی بە بڕیاری سیاسی ئێمەوە نییە".

ھەفتەی رابردوو شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) باڵی سەربازی پەیەدە، تەرمی چەكدارانی ئیتلافی نیشتمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان لە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر باركرد و بە شەقامەكانیاندا عەفریندا سوڕانەوە و پێشانی خەڵكیاندا، ئەو چەكدارانەی ئیتلافی نیشتمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە شەڕی گوندی عەین دقنە كوژرابوون و كەوتبوونە دەست یەپەگە.