هۆزێكی عهرهب داوای چۆڵكردنی گوندێكی كاكهیی دهكهن
راكان جبوری بڕیارهكانی بهعس زیندوو دهكاتهوه

K24 - ههولێر:
هۆزێکی عەرەب، بە نووسراوی پشتیوانی راکان جبوری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، چوونەتە سەر گوندی "رزگاری" کاکەیی-نشین، داوایان لێ کردوون گوندەکە بەتەواوی چۆڵ بکەن، گوندەکە (120) ماڵه و سەرجەمیان کوردن، بێ پشت و پەنا دانیشتوون و رایانگهیاند، دەیانەوێت لەسەر زەوی و خاکی خۆمان دەرمانبکەن، ئێمەش ئەمە قبوڵ ناکەین و بەرگری دەکەین.
زۆربەی دانیشتوانی ئەم گوندە، لەسەردەمی حوکمڕانی بەعس بەهۆی کوردبوونیان لە ئاوارەیی دەژیان، ئێستاش پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بڕیارەکانی بەعسی زیندوکردووهتەوە و دەیەوێت ئەم هاووڵاتییه کوردانە جارێکی دیکە دهربهدهر بکات.
ژیان و نەهامەتییەکانی مام زۆراب کەوڵەیی، هێشتا کۆتایی نەهاتووە، تەمەنێکە لە ئاوارەیی و دەربەردییە، ئێستاش لەسەر زەوی و خاکی خۆی هاتوونەتە سەری و پێی دەڵێن؛ ئەم خاکە جێ بهێڵە.
مام زۆراب کەوڵەیی گوتی: "ئێره بهجێناهێڵم، دهبێت قهبرهكهم لێره بێت، ناڕۆم".
گوندی "رزگاری" لە باشووری کەرکووکه، (120) ماڵە و سەرجەم دانیشتوانەکەی کوردانی کاکەیین، موختاری عەرەبە هاوردەکان هاتونەتە سەریان و داوای چۆڵکردنی خانووکانیان لێ دەکەن.
باوە سیروان عاسی، دانیشتوی گوندی ڕزگاری، تەمەنێکی لێرە بەسەربردووە، وەک خۆی گوتی: لەلایەک ترسیان لەهەڕەشەکانی داعش هەیە و لەلایەکی دیکەش هەڕەشەی داگیرکردنی زەوی و زارەکانیان.
دانیشتوانی گوندەکە لە دڵڕاوکێن و دەیانەوێت لەم دۆخە رزگاریان بێت، پەنایان بۆ هەموو لایەک بردووە و بەدەنگی بەرز دەڵێن؛ ئێمە خاوەن حەقین.
کاکەییەکان لە باشووری کەرکووک و بەدیاریکراوی لە سنووری شارۆچکەی داقوق نیشتەجێن، لەدوای رووداوەکانی (16ی ئۆکتۆبەری 2017)ەوە بەهۆی هەڕەشەی داعشەوە، لە کۆی (15) گوند، (10) گوندیان بەتەواوی چۆڵ بوونە و تەنیا (5) گوندیان خەڵکی تێدا ماوە، ئەو گوندانەشی کە ماون لەژێر هەڕەشەی تەعریب و داعشن و مەترسی چۆڵ بوونیان لەسەرە.
د.ی