له رووداوێكی ته‌قه‌كردن له كۆلۆرادۆ 10 كه‌س كوژران
ڤیدیۆی ساتی ده‌ستگیركردنی ته‌قه‌كه‌ره‌كه بڵاوكرایه‌وه
K24 - مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا:
ساره مۆدشادۆ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی نیكۆلاس ئیدواردز، دوێنێ ئێواره 22ی ئادار (مارسی 2021) ده‌چنه بازاڕێكی شاری بۆڵدێر له ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ بۆ كڕینی شیلك. له‌دوای ته‌واو بوونی بازاڕكردنه‌كه‌یان له‌نێو ده‌رگای هاتنه‌ده‌ره‌وه گوێیان له ده‌نگی ته‌قه ده‌بێت.
ساره به رۆژنامه‌ی دێنێڤه‌ر پۆست-ی گوتووه له ناو ده‌رگای بازاڕه‌كه‌دا بووه كه گوێی له‌ته‌قه‌كان بووه، گوتیشی: "به كوڕه‌كه‌مم وت سه‌ر داخه‌و له‌گه‌ڵم راكه!". "كه‌سێكم بینی له پاركی ئۆتۆمبێله‌كه كه‌وتبوو" ئه‌و وه‌های وت.
هه‌روه‌ها ئیدواردز، به رۆژنامه‌كه‌ی وتووه كه ئه‌وان ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌یان نه‌دیوه.
دوێنی ئێواره 22ی ئادار (مارسی 2021) ده‌سه‌ڵاتدارانی پۆلیس له‌ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ رۆژێكی ناخۆش و كاره‌ساتباراویان له ویلایه‌ته‌كه راگه‌یاند. میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا تێكڕا بڵاویانكرده‌وه ته‌قه‌كه‌رێك له‌نێو بازاڕی (King Soopes) له شاری بۆلدێر-ی ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ، 10 كه‌سی كوشتووه له‌نێویاندا ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسه كه له یه‌كه‌م به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌دا كوژراوه.
به‌پێی هه‌واڵه‌كان ته‌قه‌كه‌ره‌كه ده‌ستگیركراوه، به‌ڵام تائێستا ناسنامه‌ی ئاشكرانه‌كراوه یاخود هیچ ورده‌كارییه‌ك ده‌رباره‌ی هۆكاری ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی نه‌وتراوه.
خاتوو ماریس هیرۆڵد به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی بۆڵدێر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا به‌ده‌م فرمێسكه‌وه، وتی:" 10 كه‌س بوونه‌ته قوربانی".
لێكۆڵینه‌وه‌كان ته‌نیا چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكی شایه‌تحاڵه‌كان ئاماژه پێده‌ده‌ن بێئه‌وه‌ی هیچ ورده‌كارییه‌كی دیكه ده‌رباره‌ی چۆنێتی ته‌قه‌كردنه‌كه و ته‌قه‌كه‌ره‌كه بزانرێت.
بازاڕی (King Soopes) له‌شاری بۆڵدێر-ی ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ نزیكه‌ی 40 كیلۆمه‌تر له باكووری خۆرئاوای شاری دێنێڤر-ه‌وه دووره.
مایكل دۆرێتی داواكاری گشتی كه‌رتی بۆڵدێر رایگه‌یاند: "ئه‌مه نه‌هامه‌تییه‌كی گه‌وره بوو ئه‌م ئێواره‌یه بۆ كۆلۆرادۆ، چونكه خه‌ڵكی ئاسایی وه‌ك پیشه‌ی رۆژانه‌یان له بازاڕكردن بووندا بوون، رووبه‌ڕووی شه‌یتانێك بوونه‌وه".
ئه‌و به‌ڵێنی به كه‌سوكاری قوربانیان و خه‌ڵكی كۆلۆرادۆ دا كه سه‌روه‌ری یاسایان بۆ جێبه‌جێ بكات.
دین شیلله‌ر شایه‌تحالێكی تری رووداوه‌كه به رۆیته‌رزی گوت: "له بازاڕه‌كه هاتمه ده‌ره‌وه گوێم له‌ده‌نگی سێ ته‌قه‌ی یه‌كله‌دوای یه‌ك بوو، سێ كه‌سم بینی كه‌وتبوو، دوو كه‌س لای پاركی ئۆتۆمبێله‌كان، كه‌سێكیش له‌نزیك ده‌رگای ماركێته‌كان. بازاڕه‌كه گه‌وره‌یه و چه‌ند ده‌رگایه‌كی هه‌یه، بكوژه‌كه له ده‌رگایه‌كی تره‌وه خۆی كردبوو به‌بازاڕه‌كه‌دا". وتیشی: "دڵنیا نه‌بووم كه ئه‌و 3 كه‌سه هه‌ناسه‌یان ده‌دا یان نا".
به‌پێی قسه‌ی خاتوو ماریس هیرۆڵد به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی بۆڵدێر، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی كه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌دا كوژراوه ناوی (ئێرك تالی) یه‌و ته‌مه‌نی 51 ساڵه، له ساڵی 2010 خزمه‌ت ده‌كات له‌نێو پۆلیسی بۆڵدێر.
هه‌روه‌ها مایكل دۆرێتی سه‌باره‌ت به تالی، وتی: "به هه‌موو پێوانه‌یه‌ك یه‌كێك بوو له ئه‌فسه‌ره به‌تواناكانی له كه‌رتی پۆلیسی بۆڵدێر، ژیانی كورت خایه‌ن بوو".
به‌پێی ئه‌و پارچه ڤیدیۆیه‌ی كه زۆربه‌ی میدیاكان بڵاویانكردۆته‌وه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه كه كه‌سێك له‌ناو بازاڕه‌كه‌دا كه‌وتووه و دوو كه‌سیش له‌ده‌ره‌وه‌ی بازاڕه‌كه. له‌سه‌ره‌تای ڤیدیۆكه‌شدا بینه‌ر گوێی له‌ده‌نگی چه‌ند ته‌قه‌یه‌ك ده‌بێت.
هه‌روه‌ها قه‌ره‌باڵه‌غییه‌كی بێوێنه ده‌بینرێت له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی پۆلیسی فریاكه‌وتن له‌ده‌ره‌وه‌ی بازاڕه‌كه، له‌نێو ئه‌و تیمانه‌ی فریاكه‌وتن، تیمی پۆلیسی (SWAT) كه به‌خێرایی خۆیان ده‌كه‌ن به‌ناو بازاڕه‌كه‌دا. سێ كۆپته‌ریش له‌سه‌ربانی پاڵه‌خانه‌كه ده‌نیشێته‌وه. تا دره‌نگانی دوێنێ شه‌وی 22ی ئادار، پۆلیس ناسنامه‌ی 9 قوربانییه مه‌ده‌نییه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه.
ماسێو كریش كه یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌لیستی داواكاری گشتی-دایه وه‌ك به‌رگریكاری كه‌یسه‌كه به‌ڵێنی دا كه به‌پێی یاسای فیدرالی پشتگیری لێكۆڵینه‌وه‌كان بكات، وتیشی: "لێكۆڵه‌ره‌وه‌كانی نوسینگه‌ی كهول و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ته‌قینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ ئێف بی ئای، له شوێنی رووداوه‌كه بوون".
له‌نێو رووداوه‌كه‌دا پۆلیس كه‌سێكی ده‌ستگیر كردووه له‌ده‌ره‌وه‌ی بازاڕه‌كه ته‌نیا شورتێكی له‌به‌ردایه بێئه‌وه‌ی هیچ كراسێكی له‌به‌ردابێت. خوێن به قاچی راستیدا دێته خواره‌وه و هه‌ردوو ده‌ستی كه‌له‌پچه‌كراوه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی پۆلیس دیارییاننه‌كردووه كه ئه‌وه تاوانباره‌كه‌یه یان نا، به‌ڵام وتوویانه كه تاوانباره‌كه برینداره‌و له‌ژێر چاودێری پزیشكدایه.
رووداوه‌كه‌ی كۆلۆرادۆ ته‌نیا شه‌ش رۆژ دوای رووداوی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی 8 كه‌س دێت له شاری ئه‌تله‌نتا-ی ویلایه‌تی جۆرجیا له 3سه‌نته‌ری جیاجیای مه‌ساج.
به‌ڵام كاره‌ساته جه‌رگبڕه‌كان له ویلایه‌تی كۆلۆرادۆ هه‌قیقه‌تێكی مێژینه‌یی هه‌یه و یه‌كه‌مین جار نییه رووداوی له‌و جۆره رووده‌دات. ساڵی 1999 له هێرشێكدا بۆ سه‌ر قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی كۆلۆمبین له كۆلۆرادۆ، دوو خۆكوژ دوای ئه‌وه‌ی 12 خوێندكار و مامۆستایه‌ك ده‌كوژن خۆشیان كوشت. كه ئه‌م رووداوه به‌یه‌كێك له رووداوه ناخۆشه‌كانی مێژووی ئه‌مه‌ریكا ئه‌ژمارده‌كرێت. هه‌روه‌ها له ساڵی 2012 له میانی نمایشكردنی فیلمی (The Dark Knight Rises ) له سینه‌مای ئۆرۆرا له كۆلۆرادۆ هێرشبه‌رێك دوای ئه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌رگاكانی هۆڵی سینه‌ماكه‌ی داخست، 400 كه‌سی به‌زه‌بری چه‌ك به‌ند كرد گازی مه‌سیل-ی رشت، بووه هۆی مردنی 12 كه‌س و برینداربوونی 58 كه‌س. به‌ر له‌م رووداوه‌ی 22ی ئادار، ساڵی 2015 له كۆلۆرادۆ سپرینگ له‌لێنۆرگه‌یه‌كی رێكخستنه‌وه‌ی خێزانی ته‌قه‌كه‌رێك سێ كه‌سی كوشت و 9 كه‌سی بریندار كرد.