ڤلادیمێر پوتن و گەڕاندنەوەی شكۆی رووسیا بەھەر نرخێك بێت

"پوتن خۆی بە قەیسەر دەبینێت نەك سەرۆك"

پوتن خۆی به‌ قه‌یسه‌ر ده‌زانێت
پوتن خۆی به‌ قه‌یسه‌ر ده‌زانێت

K24 – ھەولێر:

20 ساڵ لەمەوبەر ڤلادیمێر پوتن تەنھا بیری لە گەڕاندنەوەی پێگەی رووسیا دەكردەوە وەك ھێزێكی گەورەی جیھانی، جا بە ھەر نرخیك بێت.

لە گوتاری ساڵانەیدا لە بەردەم پەرلەمانی رووسیا لە ساڵی 2018 پوتن گوتی: " كەس نایەوێت قسەمان لەگەڵ بكات، كەس حەزی لێ نییە گوێبیستمان بێت. جا ئێستا گوێمان لێبگرن!".

ئەمە ھۆشدارییەكەی سەرۆكی رووسیا بوو، باسی لە پێشخستنی ئەو مۆشەكانەی وڵاتەكەی دەكرد، كە "تێك ناشكێنرێن" و كاریگەرییەكی گەورەی ھەبوو.

ھەرچەند تەنگژەكان كەڵەكە بووبن، بەڵام شوێن پەنجەكانی پوتن لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ئاشكرایە، ھەموو جارێكیش وەك سەردەمی شەڕی سارد، مۆسكۆ و رۆژئاوا تۆمەت و ھەڕەشە ئاراستەی یەكتر دەكەن.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا

لە رووسیا ڤلادیمێر پوتن (تەمەن 68 ساڵ) بۆشاییەكی درووستكردووە. لەگشت دەزگاكان تەنھا لایەنگرانی ئەو ھەن، كە وەك ئەویش سەركۆنەی ئەو كار و كردەوانە دەكەن كە بە پیلانی رۆژئاوایی دەزانن دژ بە رووسیاییەكان.

ئەلێكسی ناڤاڵنی تاكە بەرھەڵستكاری دیاری كرملینە لەدوای كوژرانی بۆریس نیمیسۆڤ لە ساڵی 2015 گاڵتە بە پوتن دەكات و تۆمەتباری دەكات بەوەی ھاوڕێكانی خۆی دەوڵەمەند كردوون و كردوونەیەتە خاوەن میلیاران و تەلارێكیشی بۆ خۆی بەناوێكی خوازراو لە سەر دەریای رەش درووستكردووە.

دوای ئەوەی ناڤالینی لە ژەھراویبوو بە غازی ده‌ماره‌خانه‌ چاكبوویەوە، بۆماوەی چەند ھەفتەیەك له‌ هۆشی نه‌مابوو، تا دواتر نێردرایە زیندان و لەوێش دەستی بەمانگرتن لە خواردن كرد و تەندرووستیی داڕما، وێڕای ناڕەزاییەكانی رۆژئاوا.

ئەو كۆشكەی باس دەكرێت كە ھی پوتنە لەسەر دەریای رەش
ئەو كۆشكەی باس دەكرێت كە ھی پوتنە لەسەر دەریای رەش

جارێكی دیكە پوتن ھیچ بایەخێكی نەدا بەو سزایانەی سەپێنرانە سەر وڵاتەكەی لە لایەن برۆكسل و واشنتنەوە. خەریكە  گفتوگۆ بەتەواوی نەمێنێت لە نێوان رۆژئاوادا و ئەفسەری ھەواڵگری سۆڤییەتی پێشوو، كە لە ئەڵمانیای رۆژھەڵات لە میانی شەڕی سارد خزمەتی دەكرد.

ھەردوو لایەن پەنا دەبەنە بەر زنجیرەیەك لە چاودێری كاردانەوەكان و ھەراسانكردنەكان، وەك ئەوەی پوتن وەڵامی سەرۆكی ئەمەریكا، (جۆ بایدن)ی دایەوە كە تۆمەتباری كردبوو بەوەی "بكوژە" لە وەڵامدا پوتن گوتی: "ئەوەی بەرامبەرەكەی بە بكوژ ناو دەبات خۆی بكوژە".

گەیشتنی پوتن بە كرملین لە تەمەنی 47 ساڵیدا وا دەھاتە بەرچاو، كە مژدەی باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوا دەدات، تەنانەت سەرۆكی ئەمەریكا، جۆرج بوشی كوڕ بەوە وەسفیكرد كە "سەركردەیەكی رێك و پێكه‌".

ھاوڕێیەتیشی لەگەڵ ھەر یەك لە ئەڵمانی، گێرھارد شرۆیدەر و ئیتاڵیایی، سیلڤیو بەرلسكۆنی بە ئاشكرایی بوو.

دیمتری بیسكۆڤ، گوتەبێژی كرملین لە ئاداری رابردوودا گوتی: سەركردەكانی ئێستا، كەسیان پەیوەندییەكی تۆكمەیان لەگەڵ ئەو دا نییە، وەك كە ئەو كات یاخود پێشتر ھەبوو.

پوتن رقی لە "ھەژموونی" رۆژئاوایە و كردەوە بەرفراوانكارییە یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی پەیمانی ناتۆ لە سەر سنووری رووسیا  بە كاری "دوژمنكاری" دادەنێت.

"خاوەن دۆز"

سەبارەت بە ئەو، نەیارەكانی دەیانەوێت رووسیا لە ریزی دواوە بمێنێتەوە و ماوەی سووكایەتیكردن بەو وڵاتە درێژەی پێبدرێت لە داڕمانی یەكێتی سۆڤییەت و تەنگژەی ئابووری و دوا ساڵەكانی بۆریس یەڵتسن، كە لەداوا ساڵەكانی نەخۆش و گیرۆدەی كھۆل بوو.

كونستانتین كالاچیڤ، شارەزای سیاسی ئاماژە بەوە دەكات، كە پوتن "خۆی بە خاوەن دۆز دەزانێت... بەوەی گەورەیی و شكۆ بۆ رووسیا بگەڕێنێتەوە" و سنوورێك بۆ "كاریگەریی بیانییەكان" دابنێت.

چونكە لەو بڕوایەدا بوو، كە لە كاتی بۆرودومانەكەی رۆژئاوا بۆ سەر لیبیا لە ساڵی 2011 خیانەتی لێكرا، بۆیە لە ساڵی 2015 لە رووی سەربازییەوە خۆی خزاندە نێو سووریا و رێڕەوی شەڕەكەی گۆڕی. ھەر گوێش نادات بە تۆمەتباركردنی بەشار ئەسەد بە ئەنجامدانی ھێرشە كیمیاییەكان و رووسیا بە بۆردومانكردنی خەڵكی سڤیل.

ساڵی رابردوو بووە ھەڵگری ئاڵای "رووسیای گەورە" كاتێك نیمچە دوورگەی قرمی ئۆكرانیایی خستە سەر وڵاتەكەی لە بەر چاوی گشت ئەوروپاییەكان و ئەمەریكاییەكانی بێدەسەڵات كرد، ئەمەش وەك وەڵامدانەوە بۆ ئەو راپەڕینەی ئۆكراینا، كە بەپێی قسەی ئەو رۆژئاوا جوڵاندبووی.

ئەو كارەشی لە ناوخۆدا پێگەكەی بەھێزكرد، بەڵام لەگەڵ رۆژئاوا بووە ھۆی سەپاندنی سزاكان و سزای پێچەوانە.

گەشتەكانی بۆ تایگا

حەزەكانی بۆ گەشانەوە گەیشتە وەرزشیش. لەساڵی 2015 كارێكی ئابڕووبەرانەی بەكارھێنانی ماددە وزەبەخشەكان لە سەر ئاستی دەوڵەت ئاشكرابوو، كە تەنانەت دەزگا ھەواڵگرییەكانیشی گرتەوە بە تایبەتی لە میانی گەڕی یارییە ئۆڵۆمپیەكان كە لە ساڵی 2014 لە سۆچی ئەنجامدارا، بەڵام ڤلادیمێر پوتن ئەمەی بە پیلانی رۆژئاوا دانا دژ بە وڵاتەكەی.

ھەروەھا خۆی وەك ھەڵگری ئاڵای "بەھا باوەكان" نمایش دەكات لە تێكۆشان دژ بە داڕمانی ئه‌خلاقی و دەربڕین لەو تێڕوانینانەی نزیكن لە حزبە راستڕەوە توندەكانی ئەورپایی دەكات.

وێڕای پاشەكشەكردنی ئابووری و مەنگبوونی ئەو داھاتەی رووسیایەكان بەدەستی دێنن، بەڵام ھێشتا جەماوەرییەتی باشی ھەیە ھەرچەندە لەو لوتكەیە دابەزیوە كە لە 2014 ھەیبوو.

زۆر لە ھاووڵاتییەكانی وای دەبینن، پوتن سەرفرازی بۆ وڵات گەڕاندووەتەوە و پاردارەكانی راوناون و رەوتی جوداخوازی ئیسلامیی لە چیچان لەناوبردووە، گرنگیش نیە گەر ئەوە پێویستیی بە سەركوتكاری سیاسی دڕندانە بێت لای ئەو كەسانە رایەكی دیكەیان ھەیە.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا لەگەڵ ھاوسەری پێشووی
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا لەگەڵ ھاوسەری پێشووی

كۆت و بەندیشی خستە سەر ئازادی رادەربڕین ھەروەھا بزووتنەوەكانی ناڕه‌زایی دەربڕین لە ساڵانی 2011 و 2018 و 2020.

پوتن بۆ مانەوە لە دەسەڵات پەنای بردە بەر رێكاری زیرەكان و لە ساڵی 2008 بووە سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر لە 2012 بگەڕێتەوە كرملین، ھەروەھا ماوەی مانەوەی لە دەسەڵات درێژكرایەوە و دواتر رێگای بەخۆ دا بەڕێگای رێفراندۆم تا ساڵی 2036 لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

ئەو رۆژانە بەڕێگای تەلەڤزیۆن لە ھەموو شوێنێك ھەیە. بەڵام ژیانی تایبەتی خۆی بۆ خەڵك ئاشكرا ناكات تەنھا لە میانی گەشتەكانی نەبێت بۆ تایگا. ھیچ باسی ھاوسەری پێشووی ناكرێت و ھیچ شتێكی ئەوھاش لەبارەی ھەردوو كچەكەی نازانرێت.

كۆنستانتین كالاچیڤ ئاماژە دەكات، پوتن "خۆی بە قەیسەر دەبینێت نەك وەك سەرۆك و دەوروبەرەكەشی ھەروای دەبینن".

سەرچاوە: "فرانس پرێس"