جه‌بار یاوه‌ر: حكومه‌تی فیدراڵی ناتوانێت كۆنترۆڵی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات
"رێككه‌وتبووین هێڵێكی به‌رگری درووست بكه‌ین و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق به شێوازێكی جددی نه‌هاتووه‌ته پێش"

K24 - هه‌ولێر:
فه‌ریق "جه‌بار یاوه‌ر"، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌میانی به‌شداریكردنی ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، حكومه‌تی فیدراڵی ناتوانێت كۆنترۆڵی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات، زۆربه‌ی ئه‌م كرده‌وه تیرۆریستییانه له‌م ناوچانه رووده‌ده‌ن، كه بۆشایی ئه‌منی درووست بووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌رچه‌ند له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێككه‌وتبووین كه هێڵێكی به‌رگری درووست بكه‌ین، ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق به شێوازێكی جددی نه‌هاتووه‌ته پێش.
جه‌بار یاوه‌ر گوتی: "چالاكبوونه‌وه‌ی داعش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كو وه‌كو رێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانی كۆتایی نه‌هاتووه، هه‌رچه‌نده له ساڵی (2017)ه‌وه حكومه‌تی فیدراڵی دوای رزگاركردنی مووسڵ به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، داعش كۆتایی پێهات، به‌ڵام ئێمه هه‌ر ئه‌و كات گوتمان داعش كۆتایی پێنه‌هاتووه و ته‌نیا ئیماره‌ته‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه، شێوازی شه‌ڕه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و خۆی رێكده‌خاته‌وه، به شێوازی گرووپی بچووك بچووك جارێكی دیكه پشت به شانه نووستووه‌كانی ده‌به‌ستێت، ده‌ست به كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی ده‌كاته‌وه".
گوتیشی: "داعش له ساڵی (2018)دا (456) كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام داوه، له ساڵی (2019)دا (270) كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام داوه، له ساڵی (2020)شدا (260) كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام داوه، داعش ته‌نیا له (3) مانگی یه‌كه‌می (2021)دا (51) كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام داوه، جگه له‌و كرده‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی، هه‌موو ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستییانه‌ی داعش له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئه‌نجام دراون".
ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "حكومه‌تی فیدراڵی ناتوانێت كۆنترۆڵی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات، زۆربه‌ی ئه‌م كرده‌وه تیرۆریستییانه له‌م ناوچانه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌و كرده‌وه‌ی تیرۆریستییه‌ی دوێنێش، داعش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه هاتبوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كانمان له گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی له ساڵی (2019)ه‌وه تا كۆتایی ته‌مووزی (2020)، له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی رێككه‌وتین، كه هێڵێكی به‌رگری درووست بكه‌ین، ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ین، ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی درووست بكه‌ین، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق به شێوازێكی جددی نه‌هاتووه‌ته پێش، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه جێبه‌جێ بكه‌ین، تاوه‌كو كۆنتۆرڵی داعش بكه‌ین به‌ته‌واوه‌تی".
سه‌باره‌ت به رۆڵی هاوپه‌یمانان بۆ فشار دروستكردن له‌سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵی، جه‌بار یاوه‌ر روونیكرده‌وه، "رۆڵی هاوپه‌یمانان ئه‌وه‌یه هانی هه‌ردوو لا بدات، كه هه‌وڵ بده‌ن هه‌ماهه‌نگی درووست ببێت له‌و ناوچانه‌ی كه داعش تێیدا چالاك بووه، به تایبه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منی زۆر گه‌وره درووست بووه، كه هیچ هێزێكی لێ نییه".
روونیشكرده‌وه، "زۆربه‌ی چالاكییه‌كانی داعش له پارێزگای دیاله و جه‌له‌ولا و چیای حه‌مرین، تا ده‌گاته ناوچه‌كانی نزیك شاره‌بان و دواتر ناوچه‌كانی قه‌ره‌ته‌په، له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی سه‌ڵاحه‌ددین و تا نزیك دوز و كفری، تا ده‌گاته نزیك مه‌خموور، ئه‌م ناوچانه بوونه‌ته مۆڵگه‌یه‌كی داعش".
جه‌بار یاوه‌ر جه‌ختی كرده‌وه، هه‌رچه‌نده داعش له‌و ناوچانه چالاكی ئه‌نجام داوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ناكۆكی له‌و ناوچانه‌یه هه‌یه و بۆیه چه‌ندین جار داوا كراوه مادده‌ی (140) جێبه‌جێ بكرێت، ته‌نانه‌ت داوا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرا تا ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ن و ئه‌و كێشه‌یه چارسه‌ر بكرێت.
د.ی