پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی حەوت ساڵەی جینۆسایدی شنگال

سه‌رۆك بارزانی: ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران
سه‌رۆك مه‌‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌‌سعود بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ یادی حه‌وت ساڵه‌ی جینۆسایدی شنگال رایگه‌یاند، شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێته‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئەو تاوانەی داعشیش لە دەڤەری شنگال ئەنجامی دا، درێژكراوەی ئەو زنجیرە جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو، كە بە درێژایی مێژوو دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ یادی حه‌وت ساڵه‌ی جینۆسایدی شنگال:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەفت ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا، ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێت.  ئێمە باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆسایدكران. ئەو تاوانەی داعشیش لە دەڤەری شنگال ئەنجامی دا، درێژكراوەی ئەو زنجیرە جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو، كە بە درێژایی مێژوو دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.

لە حەفتەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و بە رێز و شكۆوە یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەكەینەوە، كە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.

جێگەی داخێكی زۆریشە دوای تێپەڕینی حەفت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا هێشتا ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان هەر بەردەوامە، شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە، كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەكانەوە نییە. هەر ئەوانەش رێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال. لێرەدا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی ئەوە دووپات دەكەمەوە، كە بە هەموو توانایەك لەگەڵ داخواز و ئازارەكانیان دام. داواشیان لێ دەكەم لە ناوخۆیان یەكڕیز بن و ئومێدیان هەبێت و دڵنیاشیان دەكەمەوە هەر شتێك لەسەر بنەمای زوڵم و خۆسەپاندن بێت دواجار هەر كۆتایی دێت و ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستا لە شنگالدا هەیە، هەتا سەر نابێت و دەبێ خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

مسعود بارزانی

3ـی ئابی 2021