کچانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکەن

بەشێك لە كچان و ژنانی  كوردی ئێزیدی لە لایەن حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە رزگار كراون
ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش
ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش

K24 - هه‌ولێر:

ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش، داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەكەن، رایانگەیاند، بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنی و ئاوەداننەكردنەوەی شنگال و بوونی ھێزی ناشەرعی، ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال.

ئەندامێكی بنەماڵەی میری ئێزیدیان، حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە حكومەتی رەسەنی خۆی دەزانێ، داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكات، کە تاکە رێگایە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.

بەشێك لە كچان و ژنانی  كوردی ئێزیدی، لە لایەن حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، رزگار كراون.

سۆزان، یەكێكە لەو كچانەی رۆژی (3 ئاب/ئۆگێستی 2014)، لە شنگال رفێنرا، دوای سێ ساڵ لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، رزگار كرا، ھەموو ئاواتی  ئەوەیە بگەڕێتەوە شنگال، بەڵام بەھۆی دۆخی ئەمنی و وێرانبوونی شنگال، نەیتوانیووە، بگەڕێتەوە.

سۆزان عەباس، رزگاربووی ژێر دەستی داعش، ئاماژەی پێکرد، یەكێك لە ئامانجەكانی رێككەوتنەكەی ھەولێر و بەغدا، بۆ ئاسایبوونەوەی دۆخی شنگال،  گەڕانەوەی سەدان ھەزار ئاوارەیە، بەڵام بەھۆی بوونی ھێزی ناشەرعی ئەوان، ناتوانن بگەڕێنەوە.

میران سەباح، ئەندامی بنەماڵەی میری ئێزیدیان، جەختیکردەوە، دۆخی شنگال، بەھۆی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەی ھەولێر و بەغدا، تا دێت خراپتر دەبێت، لە حەوتەمین ساڵیادی كارەساتی شنگالیشدا، كچان و ژنانی رزگاركراوی كوردی ئێزیدی،  داواكارن رێككەوتنی شنگال  جێبەجێبكرێت، بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و شنگالیش ئاوەدانبكرێتەوە .

ک.ب