پێنتاگۆن: پهكهكه رێگره له جێبهجێكردنی رێككهوتنی شنگال
K24- ههولێر:
وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا لە راپۆرتێکدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی باسی پەیوەندییهكانی پەکەکە و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە شنگاڵ دەکات و رایدەگەیەنێت، پەکەکە رێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، کە باشترین چارەسەرە بۆ کۆتاییهاتنی کێشەکان و ئاساییكردنهوهی دۆخی ناوچەکە و جهختیش دهكاتهوه، پهكهكه رێگری دەکات لە چوونی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناو کەمپی مەخموور بۆ گهیاندنی هاوكاری به خهڵك.
وهزارهتی بهرگری ئهمهریكا "پێنتاگۆن" لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی، وردەکاری پەیوەندی نێوان پەکەکە و میلیشیا شیعەکانی سەربە ئێران لە عێراق بهگشتی و شنگاڵ بەتایبەتی دەخاتەڕوو.
لە راپۆرتەکەدا هەڵسەنگاندنی یۆنامی لەسەر رەوشی شنگال و هۆکاری نەگەرانەوەی خەڵکی ئاوارەی شنگال بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان خراوەتە پێشهکی راپۆرتەکە و تێیدا هاتووە: "هەبوونی پەکەکە لە ناو شنگاڵ هۆکاری بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیا و تێکدانی زیاتری دۆخی ئەمنییه لەناوچەكه".
یۆنامی دووپاتیكردهوه: سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی خەڵکی شنگاڵ لە کەمپی مەخموور، بەڵام هەبوونی پەکەکە رێگرە لەوەی یو ئێن ئێچ سی ئار هاوکارییەکان بگەیهنێتە خەڵکی.
پێنتاگۆن نووسیویهتی: جگە لە پەکەکە و یەپەگە چەند گروپێکی دیکەی میلیشیا لەناو شنگال دا ههن، یەپەگە چەکدار لە سووریاوە دەهێنێتە ناو شنگال و حکومەتی هەرێم لەم کارە نایاساییە نیگەرانە و داوای چارەسەری دەکات.
وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا لە راپۆرتەکەیدا بۆ کۆنگرێس پشتیوانی لە رێککەوتنی شنگاڵ دەکات و بەباشترین چارەسەری دەزانێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئهو ناوچهیه.
ههروهها بە بەڵگەوە بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی روونکردووتەوە، كه لەنێوان پەکەکە و میلیشیا شیعەکانی سەربە ئێران لە شنگال و دەوروبەری پەیوەندییەکی توند و تۆڵ هەیە. بەشێوەیەك میلیشیا شیعەکان خۆیان کردووە بە قەڵغانێکی سیاسی و پەکەکەیان لەژێر ناوی خۆیاندا شاردووەتەوە، بەمەش لە پێشێلکارییەکانیان بەرامبەر بە رێککەوتنی شنگالیش بەردەوامن. هەندێکجاریش ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی تورکیا لە ناوچەکە فەرمانی هێرشکردنە سەر تورکیا لەو ناوچهیه دەدات و چەند جارێکیش میلیشیاکانی سەربە ئێران هێرشان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا و مووشەکبارانیان کردوون.
ئەمانە تۆرکیایان نیگەران کردووە و بەردەوامە لە بۆردوومانەکانی، کە بەهۆیانەوە سەدان گوند چوڵکراون و بە هەزار گوندنشینی هەرێمی کوردستانیش ئاوارەبوون، بهتایبهت له ناوچه سنوورییهكان.
H.B