راپۆرتێك هۆشداری له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌دات

K24- هه‌ولێر:
ره‌شنووسی راپۆرتێكی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كه‌شوهه‌وای زه‌وی كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ئاماده‌كراوه، ئاشكرایكرد، "ناوه‌ندی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وای زه‌وی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه ده‌ستپێ ده‌كات" و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌و ناوچه‌یه رووبه‌ڕووی شه‌پۆله به‌هێزه‌كانی گه‌رمای به‌رز و وشكه‌ساڵی و ئاگركه‌وتنه‌وه ده‌بێته‌وه".
له‌و راپۆرته‌دا كه بڕیاره ساڵی داهاتوو بڵاوبكرێته‌وه، هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سته‌ی حكومیی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به گۆڕانكارییه‌كانی ژینگه و كه‌شوهه‌وا خراوه‌ته‌ڕوو و جه‌خت ده‌كاته‌وه، رێژه‌ی ژه‌هراویبوون به گازی دووانه ئۆكسیدی كاربۆن له‌و ناوچه‌یه له ئاستێكی به‌رزدایه، به‌تایبه‌ت له‌م هه‌فته‌یه، كه تێكڕای پله‌كانی گه‌رما زۆر له ئاستی ئاسایی وه‌رزی ساڵ به‌رزتر بوونه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی هه‌ریه‌ك له وڵاتانی توركیا و یۆنان ئامارێكی پێوانه‌ییان تۆماركردووه و تا ئێستا نه‌توانراوه كۆنترۆڵ بكرێن.
له به‌شی كاره‌ساته‌كاندا له ره‌شنووسی ئه‌و راپۆرته‌دا باسی ئه‌وه كراوه، "دانیشتوانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه به زیاتر له نیو ملیار كه‌س ده‌خه‌ملێنرێن، رووبه‌ڕووی كاره‌ساتی گه‌وره‌ی ژینگه‌یی ده‌بنه‌وه".
له هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌دا هاتووه: "مه‌ترسییه‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ده‌ریا و زه‌ریاكان و زیانه‌كانی فره‌زینده‌یی له ژینگه‌كانی وشكانی و ئاویدا، هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كانی وشكه‌ساڵی و سووتانی دارستانه‌كان و گۆڕانكاری له سووڕی ئاو و به‌رهه‌مهێنانی خۆراك جێگای نیگه‌رانییه‌كی گه‌وره‌ن، وێڕای مه‌ترسییه ته‌ندروستییه‌كان له شارستانیه‌ته‌كانی نیشته‌جێبوون له شار و دێهاته‌كان به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری پله‌كانی گه‌رما و خێرایی له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا و نه‌خۆشییه‌كان".
ره‌شنووسی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كات، له چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوودا تێكڕای به‌رزبوونه‌وه له پله‌كانی گه‌رما له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خێراتر بن و ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و سامانی ماسی و گه‌شتوگوزار، كه ئه‌مانه به كه‌ر‌ته هه‌ره زیندووه‌كان داده‌نرێن.
دووپاتیش ده‌كاته‌وه، به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی كه‌مئاوی و روودانی لافاو و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما تا راده‌ی كوشنده‌یی له‌و ناوچه‌یه، پێشبینی ده‌كرێت كۆچی ده‌یان ملیۆن كه‌سی ده‌ستپێ بكات.
باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، "له به‌شێك له ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان به‌خێرایی روو له كه‌مبوونه‌وه ده‌كه‌ن، كه بۆ به‌رهه‌مهێنانیان به‌ڕێژه‌ی 65% پشت به ئاوی باران ده‌به‌سترێت و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌وه كۆنترۆڵی رێژه‌ی گازه ژه‌هراوییه‌كان له هه‌وادا ده‌كات".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "71%ی كۆی به‌رهه‌می ناوخۆیی له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رز ده‌كه‌ونه به‌ر مه‌ترسییه‌كانی كه‌مئاوی، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر 61%ی دانیشتوانی ناوچه‌كه دروست ده‌كات".
راپۆرته‌كه پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كات، "ئه‌گه‌ر پله‌كانی گه‌رمای زه‌وی 2 پله له سه‌رده‌می به‌ر له شۆڕشی پیشه‌سازی به‌رزتر بوونه‌وه، پێشبینی ده‌كرێت رووبه‌ری دارستانه سووتاوه‌كان له جیهان بگاته 87%، ئه‌گه‌ریش بۆ 3 پله به‌رزتر بووه‌وه، ئه‌وا رێژه‌ی رووبه‌ری دارستانه سووتاوه‌كان ده‌گاته 187%".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می به‌ر له شۆڕشی پیشه‌سازی تا ئێستا پله‌كانی گه‌رما له هه‌ساره‌كه‌مان ته‌نیا 1.1 پله به‌رزبوونه‌وه‌یان به‌خۆیه‌وه بینیوه.
هه‌ڵسه‌نگادنه‌كه‌ی ده‌سته‌ی حكومیی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به گۆڕانكارییه‌كانی ژینگه و كه‌شوهه‌وا دووپاتی كردووه‌ته‌وه، تاكه رێگه بۆ رێگریكردن له به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رمای زه‌وی بۆ 2 پله‌ی زیاتر له ئاستی ئاسایی، ته‌نیا پابه‌ندبوونه به رێككه‌وتنه‌كه‌ی پاریس بۆ پارێزگاریكردن له شارستانیه‌ته كه‌ناراوییه‌كان و سیسته‌می ژینگه‌ی وشكانی و ئاوییه‌كانی ئۆقیانۆسه‌كان، به‌تایبه‌تیش له حه‌وزی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
له‌وباره‌یه‌وه فریدریك ئۆتۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری یاریده‌ده‌ر له په‌یمانگه‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا له زانكۆی ئۆكسفۆرد بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" گوتی: "هه‌ر شه‌پۆلێكی گه‌رما له‌م رۆژگاره‌دا كاریگه‌ری زیاتر و راسته‌وخۆی له‌سه‌ر گۆڕانی كه‌شوهه‌وای زه‌وی ده‌بێت، كه هۆكاری ئه‌و گۆڕانه‌ش هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "شه‌پۆله‌كانی گه‌رما به دۆخه سه‌خته‌كان هه‌ژمار ده‌كرێن" و گوتیشی: "شه‌پۆله‌كانی گه‌رمای به‌هێز له مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه‌كانن كه رووبه‌ڕووی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ئه‌وروپاش به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما زۆر كوشنده‌ن".
ره‌شنووسی هه‌ڵسه‌نگادنه‌كه‌ی ده‌سته‌ی حكومیی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به گۆڕانكارییه‌كانی ژینگه و كه‌شوهه‌وا پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كات، "تا نیوه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه 93 ملیۆن كه‌س له دانیشتوانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ونه ژێر فشارێكی گه‌وره‌ی پله به‌رزه‌كانی گه‌رما" و باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، "تا كۆتایی ئه‌م سه‌ده‌یه، مه‌ترسی مردن به‌هۆی به‌رزی پله‌كانی گه‌رما له‌سه‌ر به‌ساڵاچووانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقیا به‌ڕێژه‌ی 33% زیاتر ده‌بێت".
H.B