پارێزگاری نه‌ینه‌وا داوای بەکردارکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات

"هێشتا هیچ کام لە خاڵە بنەڕەتییەکانی ناو رێککەوتنەکە جێبه‌جێ نەکراون"
نه‌جم جبووری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا
نه‌جم جبووری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا

K24 - هه‌ولێر:

نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا بە کوردستان24ی راگەیاند، ماوەیەکی زۆر بەسەر رێککەوتنی شنگالدا تێپەڕیوە و هێشتا هیچ کام لە خاڵە بنەڕەتییەکانی ناو رێککەوتنەکە جێبه‌جێ نەکراون، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە کردەوە هەنگاو بنێن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ژیان لە قەزای شنگال.

پارێزگاری نه‌ینه‌وا گوتی: کاتی چارەسەکردنی کێشەی شنگال تێپەڕیوە، دەبوایە پێش ئێستا چارەسەرکرابا، کاتێکی زۆر بەسەر رێککەوتنی شنگالدا تێپەڕێوە و تاوەکو ئێستا هیچ کام لە خاڵە بنەڕەتییەکانی ناو رێککەوتنەکە جێبه‌جێ نەکراون، پێویستە رێگری بکرێت لە بەفیڕۆدانی کات و بە کردەوە کار لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکرێت و هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کاربکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزای شنگال.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هێشتا شنگال وێرانه‌یه‌ و هه‌ندێك لایه‌ن هه‌یه‌ نایانه‌وێت شنگال ئارام و سه‌قامگیر بێت، بۆ دۆخی شنگال هه‌ماهه‌نگی پێویست له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم نییه‌.

نه‌جم جبووری روونیكرده‌وه‌، تا ئێستا ئیداری شنگال نه‌یتوانیوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ره‌وشێكی خراپه‌، دۆخی  شنگال ئازار به‌خشه‌، پێویسته‌ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ هه‌مانه‌گی زیاتر بكه‌ن و رێگه‌ به‌ هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان نه‌ده‌ن.

د.ی