لە دووساڵدا نزیکەی 14 هەزار هێڵی زێدەڕۆی کارەبا بڕدراوە
وەزارەتی کارەبا: 800 هەزار پێوەری زیرەک بەستراوە

K24 - هەولێر
وەزارەتی کارەبا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا توانیویەتی نزیکەی 14 هەزار هێڵی کارەبای زێدەرۆیی ببڕێت. لە هەمان کاتدا بەستنی پێوەری زیرەک، رێگایەکی دیکەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی کارەبا و تا ئێستا لە کۆی یەک ملیۆن و 600 هەزار هاوبەشی کارەبا، 800 هەزار پێوەری زیرەک بەستراوە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا دەستی برد بۆ بڕینی هێڵەکانی کارەبای زێدەڕۆ و هەر لەسەرەتاشەوە لەو گەڕەکانە دەستیپێکرد کە بە گەڕەکی دەوڵەمەندان و بەرپرسان ناویان دەرکردووە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی دوو ساڵدا توانیومانە 13 بۆ 14 هێڵی سەرپێچی سەر تۆڕەکانی کارەبا ببڕین، جگە لەوەش لەگەڵ دانانی پێوەری زیرەک لە هەر شوێنێک کۆتایی بە حاڵەتەکانی زێدەڕۆیی دێنین".
گوتیشی: "تائێستا 800 هەزار پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا بەستراوە، ئەمەش کاریگەری هەبووە بۆ گەڕانەوەی وزەی کارەباوە".
پرۆسەی بنبڕکردنی کارەبای زێدەڕۆ بەردەوامە، ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی سەختی باری دارایی یەک ساڵی رابردوو نەبوایە، زیاتر لەو ژمارەیە کارەبای زێدەرۆ دەبڕدرا.
ئاسۆ تەها، سەرپەرشتیاری بەستنی پێوەری زیرەک لە پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 600 هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە، تائێستا زیاتر لە 255 هەزار هاوبەش پێوەری زیرەکی بۆ بەستراوە".