پڕۆژەیەكی گەورەی خزمەتگوزاری لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت

پڕۆژەكە پێكهاتووە لە دروستكردنی قەنتەرە و شەقام و ئاوەڕۆ و كۆنكرێتكردنی كۆڵان

دیمەنێکی پڕۆژەکە
دیمەنێکی پڕۆژەکە

K24 - هەولێر

شارەوانیی زاخۆ دەستیكرد بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گەورەی خزمەتگوزاری، لە بواری دروستكردنی شەقام و قەنتەرە و ئاوەڕۆ و كۆنكرێتكردنی ژمارەیەك كۆڵان، كە ئەو پڕۆژەیە سوودی زۆری بۆ دانیشتووانی چەند گەڕەكێكی زاخۆ دەبێت.

وەزارەتی شارەوانی ئاشکرای کردووە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی زاخۆ لەسەر داهاتی مانگانەی شارەوانی، دەستیكردنی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گەورە لە گەڕەكی برایەتی، كە ئەو پڕۆژەیە ئاستی خزمەتگوزاری لەو گەڕەكە بەرزتر دەكاتەوە، هەروەها شارەوانیی زاخۆ دەڵێ وێڕای جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان لە شوێنەكانی دیكەش بەردەوام دەبێت.

ئەو پڕۆژەیەی شارەوانیی زاخۆ چەند سێكتەرێكی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت، وەك دروستكردنی قەنتەرە (پرد) و شەقام و ئاوەڕۆ و نۆژەنكردنەوە و كۆنكرێتكردنی ژمارەیەك كۆڵان لە گەڕەكی برایەتی، وێڕای سوودگەیاندن بە دانیشتووانی ئەو گەڕەكە، هاوكات دروستكردنی پردەكان دەبێتە هۆی ئاسانكاری هاتووچۆی نێوان ئەو گەڕەكە و گەڕەكەكانی دیكەی سنوورەكە.

دیمەنێکی پڕۆژەکە
دیمەنێکی پڕۆژەکە

 

Fly Erbil Advertisment