هەنگوینی کوێستانەکانی کوردستان بازاڕەکانی ئێران کۆنترۆڵ دەکات
شارێکی کوردستان سەدا30 هەنگوینی ئێران دابین دەکات

K24 - هەولێر
پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان بە پارێزگای ھەنگوینی ھەموو ئێران دەناسرێت، ساڵانە 30٪ی ھەنگوینی ھەموو ئێران لە ورمێ بەرھەم دێت، بەھۆی كوێستانی بوونی ناوچەكە جۆری ھەنگوینەكەشی باشە، بەڵام قەیرانی ئابووری و گەمارۆكانی سەر ئێران كاریگەری لەسەر ھەنگوینیش داناوە، ھەنگەوانان دەڵێن، ناچارن نرخی ھەنگوینەكە زیاد بكەن، ئەوەش كاریگەری لەسەر كڕیارەكانیان دادەنێت.
هەنگەوانەکانی ورمێ ھەنگوینێكی تایبەت بەرھەم دەھێنن، سرووشتی پارێزگای ورمێ وایكردووە، كە ھەنگوینی ئەو ناوچەیە ھەم لە رووی چەندایەتی و ھەمیش لە رووی چۆنایەتی لە ھەنگوینی ناوچەكانی دیكەی ئێران جیاواز بێت. بە گوتەی ھەنگەوانان، كەشی ساردی شنۆ و دەشتە بێل و تەرگەوەڕو مەرگەوەڕ وایكردووە، لەھەموو ئێران و بگرە وڵاتانی ناوچەکەش بۆ كڕینی ھەنگوین سەردانیان دەكرێت.
ئەحمەد رۆستەمی، یەکێکە لە ھەنگەوانانی ورمێ و دەڵێ: "بەهۆی بوونی هەندێک جۆرە گیا لە کوێستانەکانی ئێمە، کە خۆراکی هەنگەکانن، تامی هونگوینی ئێرە جیاوازە لە هەموو شوێنەکانی دیکە".
ئەو هەنگەوانە باس لەوە دەکات: "بەهۆی گەمارۆکان و گرانی بازاڕ نرخی پێداویستییەکانی هەنگەوانی لە بازاڕەکانی ئێران بەرزبووەتەوە".
ھەنگەوانانی پارێزگای ورمێ ساڵانە نزیكەی 20 ھەزار تۆن ھەنگوین بەرھەم دەھێنن، كە دەكاتە 30٪ی ھەموو ھەنگوینی ئێران، ئەوەش وایكردووە ورمێ بە ناوەندی ھەنگوینی ئێران بناسرێت، لەگەڵ ئەوەش قەیرانی ئابووری و گەمارۆكانی ئەمەریكا كە بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان و كەمكردنی توانای كڕین، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئەو ھەنگەوانانە داناوە، ئەگەر نرخی ھەنگوینەكەیان زیاد بکەن، كڕیاری كەم دەبێت، ئەگەر بە نرخی ساڵانی رابردووشی بفرۆشن، ماندووبوونەكەیان بە فیڕۆ دەڕوات.