سێ ئه‌ندامی خێزانێکی کورد لە رووسیا کوژران

یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كان منداڵێكی 5 ساڵانه‌
شوێنی تاوانه‌كه‌ له‌ گوندی ڤەڵچانسکۆی سەر بە پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا
شوێنی تاوانه‌كه‌ له‌ گوندی ڤەڵچانسکۆی سەر بە پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا

K24 - مۆسكۆ:

لە گوندی ڤەڵچانسکۆی سەر بە پارێزگای ڤارۆنیژی رووسیا، هێرشێکی چەکداری کراوەتە سەر خێزانێکی کورد و سێ ئەندامی خێزانەکە کوژران، بە گوتەی کەسانی نزیک لە رووداوەکە، هێرشەکە نەژادپەرستانە بووە.

ئەم خێزانەی بوونەته‌ قوربانی،  پێکهاتووە لە دایک و کوڕ و نەوەکەی (گولیستان ئیبراهیمۆڤا 59 ساڵ، نادیر 19 ساڵ، ئەزیس 5)، لەلایەن رووسێکەوە بە ناوی ڤیکتەر میرسکۆی کوژران.

ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە ئەم خێزانە کوردە لە قیرغیزستانەوە کۆچیان کردووە و لەم گوندە دەژین، بەپێی گوتەی دانیشتووانی گوندەکە، پێشتر هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەسدا نەبووە، دواجار شەوی (16 له‌سه‌ر 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021) رووسێک بە ناوی "ڤیکتەر میرسکۆی" 54 ساڵ، کە دانیشتوونی گوندەکەیە هێرشی کردوونەتە سەر و کوشتوونی.

بەپێی گێڕانەوەی ئاسیای کچی گولیستان، بکوژ سەرەتا ئەزیسی تەمەن 5 ساڵانی خنکاندووە، دواتر بە چەک تەقەی لە نادیری تەمەن 19 ساڵان کردووە و کوشتوویەتی، لەو کاتەدا گولیستانی دایکیان لە دەرەوە بووە، تەقەی لێکردووە و ئه‌ویشی کوشتووه‌.

کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کردووە، کەسانی نزیک لە رووداوەکە دەڵێن، بکوژه‌كه‌ پێشتر هەڕەشەی دەرکردنی سەرجەم کوردانی نیشتەجێی گوندەکەی کردووە.

ئێستا بکوژه‌كه‌ لەلایەن پۆلیسی ناوچەکە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و بەدواداچوونی کوردستان24 بەردەوامن لەسەر رووداوەکە.

گوندی ڤەڵچانسکۆی 400 کەس لە رووس و کورد و نەتەوەکانی دیكه‌ی تێدا دەژین، گوندەکە بە دووری 165 کیلۆمەتر کەوتووه‌تە باشووری پارێزگای ڤارۆنیژ و 1076 کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیاوە دوورە.